سەردێری پرسیار: دەکرێت باسی چۆنیەتی شۆردنی مردوو بکەن؟

بەرواری دانان :2023-05-10 کۆدی پرسیار:2861

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت باسی چۆنیەتی شۆردنی مردوو بکەن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە شۆردنی مردوو دەڵێن:

١ـ سوننەتە مردوو ڕووت بکرێتەوە و جلەکانی دابکەنرێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە.

٢ـ دەبێت عەورەتی مردوو دابپۆشرێت و دروست نییە سەیری عەورەتی بکرێت، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (المغني) لابن قدامە (٢/٣٣٨)، (الاستذكار) (٣/٨).

٣ـ دروستە ئەوەی مردوو دەشوات دەستی بخاتە سەر ورگی مردوو و پاڵی پێوە بنێت بە نەرمی، پاشان پارچە پەڕۆی بخاتە ژێرەوەی و پاکی بکاتەوە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

٤ـ مەرج نییە کاتی مردوو شۆردن نییەتی شۆردن بێنیت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و مالکی و شافعی یە، چونکە مەبەست لە مردوو شۆردن پاککردنەوەیە وەک شۆردنی پیسایی وایە. (المغني) لابن قدامة (٢/٣٤٥).

٥ـ سوننەتە ددانەکان و کونە لوتەکانی مردوو مەسح بکرێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، وتراوە: باشتر وایە بە پەڕۆیەک ددان و کونی لوتی مەسح بکرێت لەبەر پاراستنی دەست و وەک ڕێزگرتنیش لە مردوو. (المجموع) للنووي (٥/١٧٢)، (الإنصاف) للمرداوي (٢/٣٤٢).

٦ـ سوننەتە ئەوەی مردوو دەشوات لە سەرەتای شۆردن دەست نوێژ بۆی بگرێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

حەنەفی یەکان بۆ ئەوە چوون دەست نوێژ دەگریت بۆی بێ ئاو لە دەم و لوت ڕادان مەگەر مردوو لەسەر لەشگرانی مردبێت، شافعی یەکان بۆ ئەوە چوون دەست نوێژ دەگرێت بە ئاو لە دەم و لوت ڕادان، حەنابلەکان بۆ ئەوە چوون مەسح کردنی ددان و لوت شوێنی ئاو لە دەم و لوت ڕادان دەگرێتەوە، مالکی یەکان بۆ ئەوە چوون ئاو لە دەمی ڕادەدرێت.

٧ـ مردوو بە ئاو و سیدر دەشۆردرێت، ئێستا سابون و هەر شتێکی تر دەگرێتەوە بۆ پاککردنەوە کە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزەهەبەکانە.

٨ـ واجبە هەموو لاشەی مردوو بشۆردرێت، وە سوننەتە لەلای ڕاست دەست پێ بکەی، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

٩ـ سوننەتە لە شۆردنی کۆتایی کافور بەکاربێنی کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

١٠ـ سوننەتە شۆردنەکان تاک بن نەک جووت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

١١ـ سوننەتە نینۆک ببڕدرێت و سمێلی مردوو کورت بکرێت لەسەر وتەی هەندێک زانا، ئەمە وتەی حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن باز و ابن عثیمینە، سەبارەت بە تاشینی مووی عەورەت حەڕامە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، چونکە دەست لێدان و بینینی عەورەتی تێدایە، ئەمەش حەڕامە.

١٢ـ سوننەتە مردوو وشک بکرێتەوە دوای تەواو بوون لە شۆردن، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

١٣ـ سوننەتە قژی ئافرەت دابهێنی و بکرێت بە سێ کەزی و بۆ دواوە ببردرێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی و شافعی و حەنابلەیە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام