پرسیار: ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەو گەنجانەی خەڵک و مەلا کافر دەکەن؟
وەڵام: بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا گەنج لەجیاتی ئەوەی ببێتە پێشەوایەکی باش و بە ڕەوشت، وە بە وتە و کردەوە جوانەکانی خۆی خەڵک بانگ بکات بۆ ئیسلام پێچەوانە بۆتەوە، دەبینیت هەر گەنجێگ کاریگەرە بە مامۆستایەکی فکرەی تووند و حساب بۆ هیچ کەسی تر ناکات و کتێبی زانایان ناخوێنێتەوە و بەڵکو بگرە لە زمانی عەرەبیش زۆر خراپە بۆ تێگەیشتن.
گەنج باسی بابەتێک دەکات کە کۆتا قۆناغی زانستە ئەویش تەکفیر کردنە، هێشتا هیچ لە حەڵاڵ و حەڕام و بابەتە سەرەتاییەکانی عەقیدە نازانێت چۆتە سەر قسەکردن لەسەر کۆتا بابەت کە تەکفیرکردنە، وەک باڵندە هێشتا پەڕی نەڕوواوە دەیەوێت بفڕێت، ئاگاداربە پەڕت نەڕوابێت و بفڕی زۆر خراپ بەر دەبیتەوە لە دونیا و قیامەت، کافر کردنی خەڵک بۆ خۆت دەگەڕێتەوە ئەگەر وا نەبێت، کافر کردنی برای خۆت وەک کوشتن وایە.
کێشە ئەوەیە ئەمانە تەنها ئایەتی شەڕ و جیهاد و کوشتن دەبینن ئایەتەکانی تر نابینن، هیچ زانایەکی بەناوبانگیش لەسەر ئەم فکرە پوچە نەبووە، بزانە بەم شتانە تەنها دڵت ڕەق دەبێ و وات لێ دێت هەندێک هەلس و کەوت دەکەیت کەسی عەوام و نەزانیش ئاوا ناکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە جنێو بە مەلا و زانا و خەڵک دەدەیت و کافریان دەکەیت بێ ئەوەی هەست بە گەورەیی ئەم تاوانە بکەیت، خواردنی گۆشتی کەسی زانا ژەهرە ئاگاداربە، دژایەتی کردنی وەلی یەکانی خوا هۆکارە بۆ ئەوە خوای گەورە اعلانی شەڕت لەگەڵ بکات.
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جیھاد چوار پلەیە: جیھادی نەفس و جیھادی شەیتان و جیھادی کافرەکان و جیھادی دووڕووەکان.
جیھادی نەفسیش چوار پلەیە:
یەکەم: جیھاد بکات لەسەر فێر بوونی ھیدایەت و ئەو حەقی یەی کە سەرکەوتن و خۆشی ناھێتە دی ئیلا بە ئەمە نەبێت، ھەر کاتێک لە دەستی بڕوات لە ھەردوو دونیا بەدبەخت و ڕیسوا دەبێت.
دووەم: جیھاد بکات لەسەر کردەوە پێ کردن دوای فێر بوون، ئەگەر تەنھا فێر بوون بێت ئەگەر چی زیانیشی بۆی نەبێت سوودی بۆی نیە.
سێیەم: جیھاد بکات بۆ بانگەوازی خەڵک کردن بۆی، ئەو کەسە فێر بکات ئەوەی نازانێت، ئەگەرنا لەوانە دەبێت کە ئایەتەکانی خوای گەورە کە دایبەزاندووە لە ھیدایەت و زانست دەشارنەوە، زانستەکەی سوودی بۆی نابێت و لە سزای خوا ڕزگاری ناکات.
چوارەم: جیھاد بکات لەسەر ئارام گرتن لەسەر ئازاری بانگەواز کردن و ئازاری خەلک تەحەمولی ئەم ھەموو شتانە بکات.
ئەگەر ئەم چوار پلانەی تەواو کرد ئەوە لە زانایە ڕەبانیەکانە، پێشینەکان ھەموویان یەک دەنگن لەسەر ئەوە کە زانا شیاوی ئەوە نیە پێی بڵێی ڕەبانی تا حەق دەزانێت و کردەوەی پێ دەکات و خەلک فێر دەکات و ئارام دەگرێت لەسەر ئازاری بانگەوازی کردن.
جیھادی شەیتان دوو پلەیە:
یەکەم: جیھادی لادانی ئەو گومانانە بکات کە شەیتان بۆ بەندە دەھێنێت لە گومانی ئیمان.
دووەم: جیھادی لادانی ئەو ویستانە بکات کە شەیتانە بۆ مرۆڤ دەیھێنێت لە شتی خراپ و وەسواس.
جیھادی یەکەم دوای یەقینە و جیھادی دووەم دوای ئارام گرتنە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَجَعَلْنَا مِنْهُمْ أَئِمَّةً يَهْدُونَ بِأَمْرِنَا لَمَّا صَبَرُوا وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يُوقِنُونَ٢٤﴾ [السجدة: 24]، خوای گەورە خەبەری داوە پێشەوایەتی دین بەدەست دێت بە یەقین و ئارام گرتن، ئارامی شەھەوات و ویستە خراپەکان لادەدات، وە یەقین گومان و شوبھەکان لادەدات. جیھادی کافر و دووڕووەکان چوار پلەن:
دڵ و زمان و مال و نەفس.
جیھادی کافرەکان تایبەت ترە بە دەست، وە جیھادی دووڕووەکان تایبەت ترە بە زمان.
بەلام جیھادی زولم و بیدعە و خراپە سێ پلەیە:
یەکەم جار بە دەست دەکرێت، ئەگەر نەیتوانی بەزمان دەکات، ئەگەر نەیتوانی بە دڵ). زاد المعاد (٣/٩ـ١١).
موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت و زمانی خۆی بگرێتەوە لە قسەی تووند و نەشیاو، وە نەرم و نیان و حەکیم بێت لەگەڵ خەڵک و ببێتە ڕەحمەت بۆ ئیمانداران و کافرەکان، دوعا بۆ ئیماندار و کافرەکان بکە بۆ ئەوەی خوای گەورە هیدایەتیان بدات، ئەمە ڕێبازی پێغەمبەری خوا بووە لەگەڵ کافرەکان، خەریک بوو خۆی لەناو ببات لەتاو خەم خواردن بۆ کافرەکان و بە پەرۆشی بۆیان، لەلایەکی تریشەوە لە هەندێک هەلوێست تووند بووە بەرامبەر کافرەکان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خۆی و بانگەوازەکەی ڕەحمەت بووە بۆ تێکڕای خەڵک.