پرسیار // ئایا دروستە زەکات بدەم سالێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووە ؟
وەلام // زانایان دەلێن زەکات دا پێش وەقت دوو ئەم دوو حالەتەیە :
حالەتی یەکەم / زەکات پێش وەقت دەدات سالێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووە و نەگەیشتۆتە حەدی نیساب ، ئەمەیان دروست نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان .
ابن قدامە ڕەحەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی زانیبێتمان دروست نییە زەکات بدەیت پێش ئەوەی بگاتە حەدی نیساب بێ جیاوازی .... )) المغنی ج۲ لاپەڕت ٤۹٥
لە موسوعة الفقهیة باس كراوه دەلێت : (( جیاوازی نییە لە نێوان زانایان کە نابێت کەفارەتی سوێند بدەیت پێش ئەوەی سوێند بخۆیت ، چونکە پێش خستنی حوکمە پێش هۆکارەکەی ، وەک پێش خستنی زەکات پێش ئەوەی بگاتە حەدی نیساب ، وە پێش خستنی نوێژ لە پێش کات )) الموسوعة الفقهیة ( 35 / 48 )
حالەتی دووەم / زەکات پێش وەقت دەدات سالێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووە ، بەلام گەیشتۆتە حەدی نیساب ، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان دوو وتە هەیە :
یەکەم / زۆربەی زانایان دەلێن دروستە کە ئەمە وتەی شافعی ، حنابلە ، حنفی ، ...... هتد ، بەلگە :
(۱) عن علي رضی الله عنه ٲن العباس رضي الله عنه سٲل النبي صلی الله علیه وسلم في تعجیل صدقته قبل ٲن تحل ، فرخص له في ذالك . رواه الترمذي (٦۷٨) ، و ابو داود (۱٦۲٤) ، وابن ماجە (۱۷۹٥) .
واتە : عەلی خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت عەباس خوا لێی ڕازی بێت پرسیاری لە پێغەمبەر کرد سەلامی خوای لێ بێت سەبارەت بە پێش خستنی زەکات پێش ئەوەی سالێکی بەسەردا تێپەڕ بێت ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ڕوخسەتی پێی دا کە پێش وەقت زەکات بدات .
ئەم فەرموودەیە بغوی بە حەسەنی داناوە ، وە احمد شاکر ، الالبانی ، ابن باز ، ........ هتد
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سوودی ئەم فەرموودەیە ئەوەیە کە دروستە زەکات پێش وەقت بدەیت ، بەلام بە مەرجێک مال گەیشتبێتە حەدی نیساب ئەگەر نا دروست نییە .
زەکات دان پێش کات ڕوخسەتە نەک سونەت ، لەبەر وتەکەی دەلێت : (( فرخص له )) ئەگەر بوترێت : ئەی پێش خستنی قەرز شتێکی باش نییە ، ئەگەر کەسێک قەرزی لەسەر کەسێک بێت بۆ ماوەی مانگێک ، دوای دە ڕۆژ بداتەوە ، ئایا ئەمە باشتر نییە ؟
وەلام / بەلێ ، بەلام پێش خستنی زەکات باشتر نییە ، چونکە قەرز واجبە لەسەری بداتەوە ، بەلام زەکات ئێستا لەسەری واجب نییە ، چونکە لەوانەیە ئەم مالە تیا بچێت یان نیسابی کەم بکات زەکات لەسەری واجب نابێت ، لەبەر ئەوەی دواخستنی زەکات بۆ کاتی خۆی باشترە لە پێش خستن ، .....
مانای فەرموودەکە ئەوە دەگەیەنێت کە دروستە زەکات بدەیت پێش کات زەکاتی سالێک و دوو سال و سێ سال و زیاتر ، چونکە فەرموودەکە مطلقه هیچ قیدی نییە ، بەلام ئەوەی بەناو بانگ بێت مقید کراوە بە دوو سال ........
ئەوەی بە ناوبانگ بێت لە مەزهەب نابێت زەکاتی دوو سال زیاتر پێش کات بدەیت ، مادەم بابەتەکە تێکەلی تێدایە باشتر وایە زیاتر لە دوو سال نەدەیت ، ........)) شرح بلوغ المرام ج٦ لاپەڕە ۱۲٥ ــ ۱۲۷
دووەم / هەندێک زانا دەلێن دروستە نیە ، کە ئەمە وتەی مالکی ، ظاهری ، ...... هتد ، بەلگە :
(۱) چەند فەرموودە هاتوون کە تێپەڕ بوونی سال مەرجە بۆ زەکات ، وە هیچ فەرموودەی ڕاست نەهاتوو ڕوخسەت درابێت بۆ پێش خستنی زەکات .
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە .
پوختەی وەلامی زانایان :
(۱) زەکات پێش وەقت دەدات سالێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووە و نەگەیشتۆتە حەدی نیساب ، ئەمەیان دروست نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان .
(۲) زەکات پێش وەقت دەدات سالێکی بەسەردا تێپەڕ نەبووە ، بەلام گەیشتۆتە حەدی نیساب ، ئەمەیان وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە دروستە .
(۳) زەکات دان لە کاتی خۆی باشترە لەوەی کە لە پێش کات بدەیت ، چونکە زەکات دان پێش وەقت ڕوخسەتە نەک سونەت .
(٤) باشتر وایە لە زەکات دانی پێش کات زەکاتی زیاتر لە دوو سال نەدەیت .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ