سەردێری پرسیار: ئافرەت لە نوێژی جەماعەتدا وەک پیاوانە کە دەبێ پیان بنوسێنن بە پێ یەکەوە شانیانیش لەیەک بات؟

بەرواری دانان :2023-05-21 کۆدی پرسیار:2886

پرسیار:

پرسیار: ئافرەت لە نوێژی جەماعەتدا وەک پیاوانە کە دەبێ پیان بنوسێنن بە پێ یەکەوە شانیانیش لەیەک بات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە نوێژی ئافرەت وەک نوێژی پیاوە مەگەر بەڵگە هاتبێت لە هەندێک حاڵەت جیای کردبێتەوە، چونکە پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت: (إِنَّمَا النِّسَاءُ شَقَائِقُ الرِّجَالِ). رواه الإمام أحمد، وصححه في صحيح الجامع (١٩٨٣).

زانایان دەڵێن لە هەموو حاڵەتەکان نوێژی ئافرەتیش وەک هی پیاو وایە، جگە لەم حاڵەتانە:

١ـ ئافرەت بانگ دەدات و قامەت دەکات بۆ خۆی یان بۆ کۆمەڵێک ئافرەت بێ ئەوەی دەنگی بگات بە پیاوی بێگانە، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان:

یەکەم: ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نابێت ئافرەت بانگ بدات و قامەت بکات، بانگ و قامەت تایبەتە بە پیاو.

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون بۆ ئافرەتیش سونەتە وەک پیاو بانگ بدات و قامەت بکات، کە ئەمە وتەی ڕاستە.

ئافرەت بانگ دەدات و قامەت دەکات بۆ پیاوان، ئەمەیان دروست نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان. (الأم) للشافعي (٨٤/١).

٢ـ لە کاتی سوجدە و ڕکوع هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دەبێت ئافرەت دەستەکانی لە تەنیشتەکانی دوور نەخاتەوە، بۆ ئەوەی سینگی داپۆشراو بێت، ئەمە باشترە بۆ ئافرەت بۆ خۆ داپۆشین، بەڵام وتەی ڕاست هیچ بەڵگەی صحیح نەهاتوون و ئەسل وایە بۆ پیاو و ئافرەت سوننەتە دەستەکانی لە تەنیشتەکانیان دووربخەنەوە.

٣ـ ئافرەت ئەگەر پێش نوێژی کرد لە ناوەڕاستی ڕیز دەوەستێت، چونکە عائیشە و ئوم سەلەمە بەم شێوەیە پێش نوێژییان کردووە.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سوننەتە ئافرەت لە ناوەڕاستی ڕیز بوەستێت بۆ پێش نوێژی کردن، چونکە ئافرەت عەورەتە چەند بزر و شاراوە بێت باشترە). المغني (١/٣٤٧).

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سوننەت وایە ئافرەت لە ناوەڕاست بوەستێت بۆ پێش نوێژی کردن، لەبەر ئەوە لە عائیشە و ئوم سەلەمە نەقل کراوە). المجموع (٤/١٩٢).

ئەگەر ئافرەت بچێتە پێشەوە لە ناوەڕاست نەوستێت، ئەوە نوێژی دروستە و بەتاڵ نییە، بەڵکو تاوانباریش نابێت، بەڵام باشتر وایە کردەوە بە کردەوەی هاوەڵان بکرێت، چونکە ئەمە کردەوەی عائیشە و ئوم سەلەمە بووە خوا لێیان ڕازی بێت.

قاچ بەیەکەوە نووساندن و شان لێکدان بۆ ژن و پیاو یەک شتە، هیچ بەڵگە نەهاتوون جیاوازی خستبێتە نێوانیان.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام