پرسیار: ئەگەر مناڵێک پێش باڵغ بوون حەیوانێک سەرببڕێت ناوی خوای لەسەر نەهێنێت، ئایا ئەو حەیوانە ئەخورێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن مناڵ دوو جۆرە:
یەکەم: مناڵ هەیە گەورە بووە و شت لێک جیادەکاتەوە، ئەمەیان سەربڕاوی حەڵاڵە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و شافعی و وتەی ڕاستی حەنابلەیە، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن بەڵام جیاوازی هەیە، چونکە نیەتی هەیە و شت لێک جیادەکاتەوە.
ابن المنذر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن سەربڕاوی مناڵ و ئافرەت حەڵاڵە ئەگەر توانای سەربڕینیان هەبوو). (الإجماع) لاپەڕە (٦١).
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (باشر وایە ئەوەی ئاژەڵ سەردەبڕێت عاقل و بالغ بێت، ئەگەر مناڵ ئەوەی شت لێک جیادەکاتەوە ئاژەلی سەربڕی حەڵاڵە لەسەر مەزهەبی ئێمە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، لە ئیمام الحرمین و غەزالی دوو وتە نەقل کراون، وتەی ڕاستەکە ئەوەیە کە حەڵاڵەکەیە و وتەی دووەم حەڕامه). (المجموع) (٩/٧٦).
دووەم: مناڵ هەیە بچووکە شت لێک جیاناکاتەوە، ئەمەیان سەربڕاوی حەڕامە لەسەر وتەی زۆربەی زانایانە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و وتەی ظاهری یەکانە، چونکە:
١ـ سەربڕین پێویستی بە نییەتە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، نییەتی دروست نییە و سەربڕاویشی دروست نییە. (مواهب الجليل) للحطاب (٤/٣١٢).
٢ـ دەبێت کەسی موکەلەف پێی هەستێت، مناڵ ئەوەی شت لێک جیاناکاتەوە قەلەمی لەسەر نییە، مخاطب نییە بەم ئایەتە: (إِلَّا مَا ذَكَّيْتُمْ) [المائدة: 3]. (المحلى) لابن حزم (٦/١٤٧).
گوتنی (بسم اللە) کاتی سەربڕین مەرجە بۆ حەڵاڵ بوونی ئاژەڵ، بە لەبیرکردنیش لادەچێت لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، واللە اعلم.