پرسیار // ئایا نوێژی تەراویح سونەتە یان واجبە ؟ ئایا دەتوانی لە مالەوە بکەیت ؟
وەلام // زانایان دەلێن نوێژی تەراویح سونەتە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، سونەتێکی جەخت لێکراوە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ئیماندارانی ھانداوە بۆ کردنی ، وە چەند شەوێک نوێژی بۆ ھاوەڵان کردووە پاشان وازی لێ ھێناوە لە ترسی ئەوەی نەوەک واجب بکرێت لەسەر ئومەتەکەی ، پاشان عومەر خەلکی کۆکردەوە لەسەر یەک ئیمام ھەتا ئێستا خەلک لەسەر ئەمە دەڕۆن .
ئیسماعیلی کوڕی زیاد دەلێت : عەلی خوا لێی ڕازی بێت تێپەڕی بە لای مزگەوتێک چرای تێدا ھەلکرابوو لە مانگی ڕەمەزان ، عەلی وتی : خوای گەورە گۆڕی عومەر پڕ ڕووناکی بکات ھەروەک چۆن ئەو مزگەوتەکانی ئێمەی ڕووناک کردەوە .
شەوکانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام النووی دەلێت : ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی کە سونەتە ، دەلێت : باشتر وایە لە مالەوە بکەیت بە تەنیا یان لە مزگەوت بکەیت بە جەماعەت ، شافعی دەلێت وە زۆربەی ھاوەڵانی و ابو حنیفە و احمد و ھەندێک مالکی و بێجگە لە ئەمانە دەلێن : باشتر وایە بە جەماعەت بکرێت ھەر وەک عومەر کردوویەتی و وە ھاوەڵان خوا لە ھەموویان ڕازی بێت ، وە موسلمانان لەسەری بەردەوام بووینە ، چونکە لە شعائری دیار و بەرچاوە .
نوێژی تەراویح کردن بە جەماعەت لە مزگەوت باشترە ، بەلام ئەگەر پیاو لە مالی خۆی بکات بە تەنیا ، یان بە جەماعەت بکات بە مالەوە ئەوا دروستە . )) "نيل الأوطار" (3/62) :
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نوێژی تەراویح سونەتە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، ....... دروستە نوێژی تەراویح بکەیت بە تەنیا و وە دروستە بە جەماعەت بکەیت ، کامەیان باشترە بە جەماعەت یان بە تەنیا ؟ دوو ووتەی بە ناو بانگ ھەیە ...... وتەی ڕاست ئەوەیە کە بە جەماعەت بکرێت . )) "المجموع" (3/526)
بھوتی دەفەرمووێت : (( نوێژی تەراویح کردن لە مزگەوت بە جەماعەت باشترە لەوەی لە مالەو بکەیت ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت سێ شەو خەلکی کۆ کردەوە ، ھەروەک عائشە بۆمان دەگێڕێتەوە ...... وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : "ھەر کەسێک لەگەڵ ئیمام شەو نوێژ بکات "تەراویح" ھەتا سەلام دەداتەوە و تەواو دەبێت ، ئەوا شەو ھەمووی بۆی بە شەو نوێژ حساب دەکرێت " )) "دقائق أولي النهى" (1/2245)
زۆر خەلک ئەوەندە گرینگی بە نوێژی تەراویح دەدەن ئەوەندە گرینگی بە نوێژی واجب نادەن کەچی تەراویح سونەتە ، خەلکانێک وادەزانن ڕەمەزان واتە تەنھا تەڕاویح و ليلة القدر زۆر لایان ئاساییە نوێژی واجبیان بڕوات بەلام نابێت تەڕاویح بڕوات ، وە شەوی قەدریش لایان دوای سعات دوازدە دەست پێ دەکات ھەتا پێش بەیانی و نوێژی بەیانی ناکەن .
ھەندێک زانا دەلێن باشتر وایە تەراویح لە مالەوە بکەیت ئەگەر بزانیت مزگەوتەکان چۆل نابن یان خشوع لە مالەوە زیاترە یان لە مالەوە بە کۆمەل دەکەیت ، بە تایبەتی ئەگەر لە مزگەوت نوێژی تەراویح بە پەلە بکرێت و زۆر کورت بکرێت کە ئێستا زۆربەی مزگەوتەکان لە کۆل خۆیان دەکەنەوە .
پوختەی وەلامی زانایان :
(١) ھەموو زانایان یەک دەنگن کە نوێژی تەراویح سونەتە واجب نییە .
(٢) زۆربەی زانایان دەلێن باشتر وایە پیاو نوێژی تەراویح لە مزگەوت بکات بە جەماعەت .
(٣) ھەندێک زانا دەلێن باشتر وایە لە مالەوە تەراویح بکەیت ئەگەر بزانیت مزگەوتەکان چۆل نابن و لە مالەو خشوع زیاتر بێت ، بە تایبەتی ئەگەر لە مزگەوتەکان نوێژ زۆر کورت بکەنەوە و بە پەلە بکەن بە جۆرێک لە کۆل خۆیان بکەنەوە .
(٤) باشتر وایە ئافرەت نوێژی واجب و سونەت لە مالەوە بکات ھەتا ئەگەر لە مەککە و مەدینەش بێت .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ