سەردێری پرسیار:حوکمی جەماعەتی دووەم لە مزگەوت؟

بەرواری دانان :2023-05-23 کۆدی پرسیار:2890

پرسیار:

پرسیار: حوکمی جەماعەتی دووەم لە مزگەوت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەنجام دانی جەماعەتی دووەم یان چەند جەماعەتێک لە یەک مزگەوت ئەم چوار حاڵەتانەن:

یەکەم: مزگەوتێک دروستکراوە لەسەر ڕێگا بۆ مسافرەکان یان لەناو بازاڕە، وە ئیمامی دیاری کراوی نییە، دروستە لەم مزگەوتە چەند جەماعەتێکی تێدا بکرێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، بەڵام جیاوازی هەیە، لەیثی کوڕی سەعد بە مەکروهی داناوە. (المجموع) للنووي (٤/٢٢٢)، (فتح الباري) لابن رجب (٤/٢٥).

دووەم: مزگەوتێک دوو جەماعەتی تێدا دەکرێت لە یەک کاتدا بە دوو ئیمامی جیاواز، ئەمەیان دروست نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان. (مواهب الجليل) (2/441)، (الفتح الرباني من فتاوى الإمام الشوكاني) (٦/٢٨٤١).

سێیەم: مزگەوتێک ئیمامی دیاری کراوی هەیە و جەماعەتی دووەمیش دیارکراوە لە چ کاتدا دەکرێ دوای جەماعەتی یەکەم وە ئیمامی تایبەتیش دانراوە، دەلێن ئەمە دروست نییە، شتێکی داهێنراوە ئەوانەی پێشتر ئەمەیان نەکردووە، وە جیاوازی دەکەوێتە نێوان موسڵمانان و دەرگای تەمبەلی دەکرێتەوە، خەڵکانێک دەلێن پەله نییە بۆ نوێژ، چونکە جەماعەتی دووەمیش هەیە.

چوارەم: مزگەوتێک ئیمامی دیاری کراوی هەیە، نوێژی جەماعەت تەواو بوو، خەلکانێک هاتن بە جەماعەت نەگەیشتن، ئایا دروستە جەماعەتی دووەم بکەن، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:

١ـ هەندێک بۆ ئەوە چوون دروستە جەماعەتی دووەم بکرێ، بەڵکو باشترە و خێری زیاترە، کە ئەمە وتەی  ئەحمەد و ئیسحاق و ابن منذر و ابن باز و ابن عثیمین و چەند زانای ترە.

٢ـ هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نابێت جەماعەتی دووەم بکرێ، باشتر وایە بە تەنیا نوێژ بکەن، کە ئەمە وتەی سفیان و ابن المبارك و مالك و شافعی و چەند زانای ترە.

دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە لەسەر وتەی هەندێک زانا، بەلام جەماعەتی دووەم باشتر وایە کەمێک خۆیان تٲخیر بکەن تا خەلک زیکر و سوننەت تەواو دەکەن تا تەشویش دروست نەبێت، وە باشتر وایە ڕوخسەتیش لە ئیمام وەربگرن، وە ڕەچاوی ئەوە بکەن خۆیان بپارێزن لە تەفرەقە یان ئەو جەماعەتە سەر نەکێشیت بۆ تەفرەقە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام