پرسیار: دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕێت؟ پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی دەڵێن سەربڕاوی ئافرەت حەڕامە و دروست نییە ئافرەت ئاژەڵ سەرببڕێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن سەربڕاوی ئافرەتی موسڵمان حەڵاڵە و دروستە ئاژەڵ سەرببڕێت ئەگەر توانای ئاژەڵ سەربڕینی هەبێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، بەڵگە:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِلَّا مَا ذَكَّيْتُمْ) [المائدة: 3]، ئەم خطابە بۆ موسڵمانێکە جا پیاو بێت یان ئافرەت. (المحلى) لابن حزم (٦/١٤٢).
٢ـ جاریەیەکی کەعبی کوڕی مالک مەڕومالاتی دەلەوەڕاند لەلای کێوی (سلع) لە مەدینە، مەڕێکی بەردەبێتەوە ئەویش بە بەرد سەری دەبڕێت، پرسیاری لە پێغەمبەری خوا کرد فەرمووی: (لێی بیخۆن). أخرجه البخاري (٥٥٠٥).
پێغەمبەری خوا دانی ناوە بە سەربڕاوی دەستی ئافرەت. (المغني) لابن قدامة (٩/٤٠٢).
٣ـ عیبرەت لە ئاژەڵ سەربڕین دەرچوونی خوێنە و ناوی خوا لەسەر گوتنە، هیچ جیاوازی نییە ئەوەی سەر دەبڕێت پیاو بێت یان ئافرەت، وە ئافرەت لە حەیزدا بێت یان پاک بێت، هیچ مەرج دانەنراوە. (فتاوى نور على الدرب) لابن عثيمين (١١/٤٢٢).
٤ـ ئافرەتیش توانای هەیە و دەتوانێ (بسم اللە) بڵێت، کەواتە وەک پیاو وایە بۆ سەربڕین. (الاختيار لتعليل المختار) للموصلي (٥/١٠).
مرۆڤ دەبێت تەقوای خوا بکات و بێ زانست قسە نەکات و ڕێز لە وتەی زانایان و ئیجماعی ئوممەت بگرێت.