پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەو مامۆستایانەی تێکەڵی مامۆستای بیدعەچی دەبن؟
وەڵام: هەجر کردن ڕێگەپێدراوە بەڵام لە چوار چێوەو بازنەی شەرعیدا کە بنیات نرابێت لەسەر بەرژەوەندی و لادانی زیان، ئەمەیان جیاوازە بەگوێرەی جیاوازی بیدعەکە و جیاوازی کەسی بیدعەچی و جیاوازی حاڵی ئەوەی هەجری ئەوان دەکات، وە جیاوازی شوێن و توانا و لاوازی و زۆری و کەمی و شتی تر، تەرازوو بۆ موسڵمان ئەوەیە سەیری ئەوە بکات تا چەند سوودی هەیە و تا چەند کەسی بیدعەچی چاک دەبێت و کەسی عەوام دەگەڕێنەوە.(هجر المبتدع) لبكر أبو زيد لاپەڕە (٤١).
لە (سهل بن عبد اللە التستري) دەگێڕنەوە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک ئیمان خۆی ڕاست بکاتەوە و سافی بکات بە تەوحید، ئەوە تێکەڵی ئەهلی بیدەع نابێت و لەگەڵی دانانیشێت و خواردن و خواردنەوەی لەگەڵی نابێت، لە نەفسی خۆی دوژمنایەتی و ڕق و کینە بەدیار دەخات بۆی، هەر کەسێک تەنازول بکات بۆ کەسێکی بیدعەچی، ئەوە خوای گەورە شیرینی سوننەتی لێ دەمالێت، وە هەر کەسێک بیدعەچییەکی خۆش بوێت داوای عیزەتی دونیا بکات یان شتێکی تر، ئەوە خوای گەورە زەلیلی دەکات و هەژاری دەکات، وە هەر کەسێک پێبکەنێت بە بیدعەچییەک ئەوە خوای گەورە نوری ئیمانی لە دڵی دەردێنێت، هەر کەسێک باوەڕ نەکات ئەوە با خۆی تاقی بکاتەوە). (تفسير الألوسي) (١٤/٢٢٩).
ئەوەی سەیر بێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەسانێک وەسفی موسڵمان دەکەن بە بیدعەچی بێ ئەوەی لە وردەکاری بیدعە بزانن، بێ ئەوەی مەرجەکانی تەبدیع و موانعی بزانن، بۆیە موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت کەسێک بیدعەیەک لە زیکرێکدا دەکات هەمان حوکمی خەوارج و روافض و مرجئە و قەدەری بەسەریاندا نەدات، دەبێت بزانێت بیدعەی کوفر و فسق هەیە، وە هەندێک بابەتیش جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا سوننەتە یان بیدعەیە، ئەو بابەتانەی جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دەبێت موسڵمان سینگی فراوان بێت.