سەردێری پرسیار:ئایا کەسێک تاوان دەکات کافر دەبێت ؟

بەرواری دانان :2018-09-27 کۆدی پرسیار:29

پرسیار:

پرسیار // ئایا کەسێک تاوان دەکات کافر دەبێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن یەکێک لە گرینگترین بنچینەکانی ئەھلی سونە ئەوەیە کە کەس کافر ناکەن بە تاوانی گەورە بێجگە لە شیرکی گەورە نەبێت .

زانایان دەلێن کەسێک کە تاوان دەکات ئەم چوار حالەتانەن :

حالەتی یەکەم / کەسێک تاوان دەکات و تاوانەکە حەلال دەکات شوێن ھەواو ئارەزووی خۆی دەکەوێت ، وە دەزانێت بەلگە ھاتووە بۆ حەڕامی ئەم تاوانە یان ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەری و ھیچ شوبھە نەماوە لەسەری ، ئەمەیان کوفرە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .

حالەتی دووەم / کەسێک تاوان دەکات و تاوانەکەی پێ حەلالە بەلام بەلگەی لەدەستە یان تأویلی ھەیە ، ئەمەیان کافر نابێت چونکە تأویلی ھەیە .

حالەتی سێیەم / کەسێک تاوان دەکات چونکە تاوانە و حەڕامە ، دەلێن ئەمە کوفرە چونکە ڕقی لە دین و ڕقی لەو حەڕام کراوەیە " واتە ڕقی لەوەیە کە حەڕامکراوە " ، ھەر کەسێک ڕقی لە دین بێت یان حوکمی خوای پێ ناخۆش بێت کە فلانە شت حەلالە و فلانە شت حەڕامە ئەوە کوفرە پەنا بەخوا .

حالەتی چوارەم / کەسێک تاوان دەکات و باوەڕی وایە خوای گەورە حەڕامی کردووە و حەڕامە ، وە خۆشی بە تاوانبار دەزانێ و شوێن ھەواو ئارەزووی خۆی کەوتووە بۆ تاوان ، ئەمەیان کوفر نییە .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر بەندە تاوانی کرد باوەڕی وایە خوای گەورە لەسەری حەڕام کردووە ، وە باوەڕی وایە دەبێت ملکەچ ببێت لەبەر ئەوەی خوا حەڕامی کردووە و واجبی کردووە ، ئەمەیان کافر نییە .

ئەگەر باوەڕی وابێت خوای گەورە حەڕامی نەکردووە یان حەڕامی کردووە بەلام ڕێگری قبوول کردنی ئەم حەڕامە بکات ، پشتی خۆی لەوە بکات ملکەچ ببێت بۆ خوا ، ئەمەیان یان ئینکاری دەکات یان عینادی دەکات .

لەبەر ئەوە دەلێن : ھەر کەسێک سەر پێچی بکات وەک شەیتان ئەوە کوفری کردووە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان .

ھەر کەسێک سەر پێچی بکات ئارەزووی لێ بێت ، ئەوە تووشی کوفر نەبووە لای ئەھلی سونە بەلکو خەوارج کافری دەکەن .

ھەر کەسێک حەڕامێک بکات بە حەلال بزانێت ، ئەوە کافرە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، چونکە ئیمانی بە قورئان نەھێناوە ئەوەی حەڕام حەلال دەکات ، ھەروەھا ئەگەر حەرام حەلال بکات کافرە ئەگەر بە کردەوەش نەکات ھەر کافرە . ..... )) "الصارم المسلول" (3/971) .

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک باوەڕی وابێت شتێک حەلالە کەچی ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر حەڕامی ، وە حوکمەکەش دیار بێت لەناو موسلمانان ، وە شوبھەکانیش لاچوو بێت لەسەر دەقەکان ، وەک حەڕامی گۆشتی بەراز و زینا و شتی تری وەک ئەمانە کە جیاوازی تێدا نییە لە نێوان زانایان ، ئەوە کوفرە .

ھەروەھا ئەگەر خوێنی خەلک حەلال بکات و مالیان لێ وەربگرێت بێ شوبھە و تأویل ئەمەش کوفرە .

بەلام ئەگەر تأویلیان ھەبێت وەک خەوارج باسمان کرد زۆربەی زانایان حوکمیان بەسەر نەداوە بە کوفر ، کەچی خوێن و مالی موسلمان حەلال دەکەن ، ئەم کردەوەیە دەکەن بۆ لە خوا نزیک بوون . )) "المغني" (9/ 11-12) .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک پێی ناخۆش بێت بەوەی کە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت پێی ھاتووە یان شتێک لەوەی کە پێغەمبەر پێی ھاتووە ئەوە ھەلگەڕاوەیە لە دین ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَرِهُوا مَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأَحْبَطَ أَعْمَالَهُمْ )) کردەوە ھەمووی پووچ نابێت ئیلا بە ھەلگەڕانەوە نەبێت لە دین . )) "الشرح الممتع" (15/ 66) .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( گومانی تێدا نییە کە تاوان ھۆکارە بۆ تووش بوون بە کوفر ، ھەروەک ھەندێک لە پێشینان دەلێن : تاوان پێشەکییە بۆ کوفر و دەت گەینێتە کوفر ، نەھی کراوە لە تاوان لە ترسی ئەوەی تووشی ئەو کوفر ببیت کە کردەوە پووچ دەبێت .)) "مجموع الفتاوى" (7/ 494) . ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام