پرسیار: حوکمی سەفەر کردن لە ڕۆژی هەینی دا؟
وەڵام: زانایان دەڵێن سەفەر کردن لە ڕۆژی هەینی دا سێ حاڵەتە:
حالەتی یەکەم: کەسێک سەفەر دەکات دوای زەوال (زوال: ئەو کاتەیە کە خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان کەمێک لادەدات بەرەو خۆر ئاوابوون)، ئەمەیان دروست نییە سەفەر بکات بێ ئەوەی پێویست بێ لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و ئەحمەد و دواد الظاهری یە، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، بەڵگە:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نُودِيَ لِلصَّلَاةِ مِنْ يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ) [الجمعة: 9].
ڕووی کردنە بەڵگە: فەرمان کراوە بە چوون بەرەو هەینی و واز لە کڕین و فرۆشتن بێنن، تەرک کردنی سەفەریش وەک واز هێنانە لە کڕین و فرۆشتن، چونکە یەک عیلەتیان هەیە، کڕین و فرۆشتن ڕێگرە لەوەی ئامادەی هەینی بێت، سەفەریش بەهەمان شێوە ڕێگرە لەوەی ئامادەی نوێژی هەینی بێت. (الشرح الممتع) لابن عثيمين (٥/٢٣).
٢ـ هەینی لەسەری واجب بووە دروست نیە بۆ خۆی سەرقاڵی شتێک بکات ببێتە ڕێگر لە چوونی بۆ نوێژی هەینی. (المغني) لابن قدامة (٢/٢٦٨).
ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن سەفەر حەڕامە لەسەر ئەو کەسەی هەینی لەسەری واجبە ئەگەر بانگدرا). (مراتب الإجماع) لاپەڕە (١٥١).
حالەتی دووەم: کەسێک سەفەر دەکات لە کاتی شەو هەینیدا تا بەرەبەیان، ئەمەیان دروستە سەفەر بکات بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
حالەتی سێیەم: کەسێک سەفەر دەکات دوای بانگی بەیانی و پێش زەوال، ئەمەیان دروستە سەفەر بکات لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی مالک و ئەحمەد و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی. (المغني) لابن قدامة (٢/٢٦٩).
باشتر وایە مرۆڤ پێنج شەم سەفەر بکات یان شەوی هەینی، ئەگەر لە ڕۆژی هەینیشدا سەفەر بکات دروستە، هەروەها دەبێ ئاگاداری ئەوەش بێت هەموو هەینی یەکانی یان زۆربەی زۆری هەینی یەکانی لە سەفەر و سەفرە نەبێت، هەروەها سەفەر کردن لە ڕۆژی هەینیدا تا هەینی نەکات دروست نییە و تاوانبار دەبێت.