پرسیار: ئەگەر من لە ناو نوێژدا بووم منداڵەکەشم بۆ نموونە دەڕوات نزیک کارەبا دەکەوێتەوە یان هەر شتێکی تر، ئایا من دەتوانم لە ناو نوێژدا بچم دووری بخەمەوە؟
وەڵام: ئەگەر مناڵ نزیکی کارەبا کەوتەوە نوێژ خوێن دوو ڕێگای لەپێشە:
یەکەم: ئەگەر نزیک بوو یان پێویستی بە جولەی کەمی کرد با نوێژی بەتال نەکاتەوە و مناڵەکە لابدات.
دووەم: ئەگەر پێویستی بە ڕۆیشتنی زۆر بوو ئەوە زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ڕۆیشتنی زۆر لەناو نوێژدا نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، بۆیە با نوێژی بەتاڵ بکاتەوە.
ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو فوقەهاکان یەک دەنگن ڕۆیشتن لەناو نوێژی واجبدا نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە). (فتح الباري) (٣/٨٣).
ابن حزم بۆ ئەوە چووە کردەوەی زۆر لەناو نوێژ بەتاڵی ناکاتەوە مادەم شەرع ڕێگەی داوە، نموونە: چوونە پێش بۆ پاڵ نان بەوەی دەیەوێت بە بەردەم نوێژدا بڕوات.
ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو کردەوەیەکی ڕێگەپێدراو لەناو نوێژدا بە دەقی شەرعی زۆر و کەمەکەی ڕێگەپێدراوە). (المحلى) (٣/٧٩).