پرسیار: خوای گەورە دەفەرمووێت: لَقَدْ خَلَقْنَا ٱلْإِنسَٰنَ فِيٓ أَحْسَنِ تَقْوِيمٖ)، واتە: ئێمە مرۆڤمان بەجوانترین شێوە دروستکردووە٫ مەبەستی لەوە چیە خوای گەورە؟ بەڵام دەبینی کە کەسی کەم ئەندام یان ناشیرین یان بە هەرجۆرێ هەیە پەنا بەخوا، ئەوە بۆ ئەوە نیە ڕەخنە لەکاری خوا بگرم، بەڵام مەبەست لەمانای ئایەتەکە چیە؟
وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: (لَقَدْ خَلَقْنَا ٱلْإِنسَٰنَ فِيٓ أَحْسَنِ تَقْوِيمٖ)، ئەم ئایەتە دوو مانای هەیە:
١ـ مەبەست پێی جوانی شێوە و کەمالی عەقڵ و گەنجاتی و هێز و توانایە، وە وتەی: (وأَسْفَلَ سَافِلِينَ)، لاوازی و پیری یە، وەک وتەی: (وَمَنْ نُعَمِّرْهُ نُنَكِّسْهُ فِي الْخَلْقِ) [يس: ٦٨]، هەروەها وتەی: (ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ قُوَّةٍ ضَعْفًا وَشَيْبَةً) [الروم: ٥٤].
٢ـ واتە: ئێمە مرۆڤمان دروستکردووە لەسەر فیترەتی ئیمان، وە وتەی: (وأَسْفَلَ سَافِلِينَ)، کوفر و شێوانی شێوەیەتی لەناو ئاگر، لەسەر ئەمە )الاستثناء متصل)ە، چونکە ئەوەی ئیمان دێنێت و کردەوەی باش ئەنجام دەدات ناخرێنە دۆزەخ. (تفسير ابن جزي) (٢/٢٩٤).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بەڕاستی ئێمە مرۆڤمان دروستکردووە لەسەر جوانترین و باشترین شێوە و فیترەت، هیچ دروستکراوێک نییە جوانتر بێت لە نەوەی ئادەم). (تفسير ابن عثيمين- جزء عم) لاپەڕە (٢٥٣).
وتەی: (لَقَدْ خَلَقْنَا ٱلْإِنسَٰنَ فِيٓ أَحْسَنِ تَقْوِيمٖ)، ئاماژەیە بۆ ئەوە مرۆڤ فیترەتی لەسەر خێرە، سروشتی وایە سوود و چاکەی بۆ نەفسی خۆی دەوێت، وە ئەوەشی پێ ناخۆشە کە گومانی بۆی دەچێت باطلە یان بەهیلاکی دەبات، خێر و کردەوەی باشی خۆش دەوێت، بۆیە دەیبینی دڵ خۆش دەبێت بە دادپەروەری و ئینساف، بۆیە چاکە و خێری بۆ کەسانی تر دەوێت و مامەڵەی جوان دەکات و غیرە دەیگرێت لەسەر لاوازەکان و ستەمی پێ خۆش نییە. (تفسير ابن عاشور) (٣٠/٤٢٦).
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکە کە هەندێک کەس هەن شێوەیان جوان نییە و کەم ئەندامن، دەڵێین:
١ـ مەبەستی ئایەتەکە ئەوەیە شێوەی مرۆڤ لە شێوەی هەموو دروستکراوێک جوانترە و سروشتی جوانتر و باشترە، کە دوو دەست و دوو قاچی هەیە و شێوەیەکی هەیە جیاوازە لە شێوەی ئاژەڵ و دروستکراوی تر، هەروەها فیترەت و هەست و عەقل و بیرکردنەوەی جیاوازە لە دروستکراوەکانی تر ئەگەر چی کەم ئەندامیش بێت یان شێوەی زۆر جوانیش نەبێ.
٢ـ مەبەستی ئایەتەکە ئەوەیە بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ شێوەی جوانە و ڕێک و پێکە نەک هەمووی، کەواتە هەیە شێوەی زۆر جوان نییە یان کەم ئەندامە ئەمەش بۆ تاقیکردنەوەیە.