پرسیار: گەنجێک کوژراوە لەبەر ئەوەی جنێوی بەخوا و پێغەمبەری داوە، ئایا لەم واقعە موسڵمان چی بکات و هەڵوێستی چۆن بێت؟
وەڵام: سەبارەت بەوەی جنێو بەخوا و پێغەمبەر دەدات دەڵێین:
١ـ ئیمام ئیسحاق بن راهویە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوە هەر کەسێک جنێو بەخوا بدات، یان جنێو بە پێغەمبەر بدات کافرە. (الصارم المسلول) لابن تیمیە لاپەڕە (٢/١٦).
٢ـ ئەوەی جنێو بەخوا و پێغەمبەر (ﷺ) بدات ئەگەر موسڵمان بێت کافر دەبێت و دەبێت بکوژرێت ئەگەر تەوبەی نەکردبێت، ئەگەر تەوبەشی کردبێت هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دەبێت بکوژرێت. (الصارم المسلول) (٢/١٦).
٣ـ ئەوەی سنورەکان لەسەر خەڵک جێ بەجێ دەکات کاربەدەستە یان دادوەرە، ئەمە ئیشی تاکە کەس نییە، چونکە فەوزا دروست دەبێت یان فیتنە، ئەگەر کەسەکە کوژرا ئەوەی جنێو بەخوا و پێغەمبەر دەدات، ئەوە خوێنی بەزایە چووە، بۆیان نییە داوای خوێنی بکەن.
٤ـ موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت دوژمنانی ئیسلام پیلان دادەنێن بۆ ئەوەی شەر بە موسڵمانان بفرۆشن و نەهێلن بانگەوازی ئیسلام بەرەو پێش بڕوات، ئەم حاڵەتانە بە فرسەت دەقۆزنەوە بانگەوازی بانگخوازن ڕابگرن، بۆیە ئەم جۆرە حاڵەتانە نابێت پەلەی لێ بکرێت و گەنج بە حەماس چەک هەڵگرێت و خەڵک بکوژێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دادگا و سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت.
٥ـ هەموو موسڵمانێک پێی ناخۆشە جنێو بەخوا و پێغەمبەر دەدرێت، نەهاتنە سەر شەقام و کۆلان مانای ئەوە نییە کەسەکە بەم جنێو دانە ڕازی یە و کافرە، بۆیە موسڵمان دەبێت خۆی بگرێتەوە لە حوکم دان بەسەر موسڵماناندا.
٦ـ ئەم بابەتانە هی ئەوە نییە گەنج و هەرزەکار بە عەقل و سوز و عاطفەی خۆیان قسەی لەسەر بکەن و پێش هەمووان بکەون، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وتەی زانایان و بانگخوازی حەکیم.