پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر (تحیة المسجد)؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە (تحیة المسجد) دەڵێن:
١- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون (تحیة المسجد) سوننەتە، کە ئەمە وتەی ڕاستە و وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.
٢- (تحیة المسجد) دوو رەکاعەت نوێژ دەکرێت کاتی داخل بوونی مزگەوت نەک کاتی دەرچوون لە مزگەوت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، پێچەوانەی ئەبو حەنیفە کە دەفەرمووێت: کاتی داخل بوونی مزگەوت و دەرچوون لە مزگەوت نوێژ ئەنجام دەدرێت.
٣- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون (تحیة المسجد) سوننەتە بۆ کەسێک نییەتی دانیشتنی هەبێت لە مزگەوت، ئەگەر نییەتی دانیشتنی نەبێت سوننەت نییە (تحیة المسجد) بکات.
٤- دەتوانی زیاتر لە دوو ڕەکاعەت بکەیت نوێژی (تحیة المسجد)، کە هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن. (نیل الأوطار) للشوکانی (٣/٧٠)، (المجموع) للنووي (٤/٥٦).
٥- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کەمترین ژمارەی ڕەکاعەتەکان دوو رەکاعەتە، نابێت کەمتر لە دوو ڕەکاعەت ئەنجام بدرێت، کە ئەمە وتەی ڕاستی زانایانە. (المجموع) للنووي (٤/٢٥).
٦- باش نییە (تحیة المسجد) دوای دانیشتن ئەنجام بدەیت، دانیشتن بێ ئەوەی (تحیة المسجد) بکەیت مەکروهە لای زۆربەی زانایان، چونکە پێچەوانەی فەرمانی پێغەمبەرە صلی اللە علیە وسلم، بەڵام دوای دانیشتن ئایا دەتوانێت تحیة المسجد بکات یان نە؟ وتەی ڕاست ئەگەر ماوەی زۆری بەسەردا نەچووبێت ئەوە هەڵدەستێت دوو ڕەکاعەت دەکات، چونکە ئەو پیاوەی دانیشت پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمانی پێکرد هەڵبستێت دوو ڕەکاعەت بکات، بەڵام ئەگەر ماوەی زۆری بەسەردا ڕۆیشت ئەوە لەسەری لادەچێت، لەبەر دووری کاتی نێوان سبب و مسبب. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (٢/٦١٥).
ئەگەر کەسەکە نەزان بوو یان لەبیری کرد دەتوانێ دوای دانیشتنیش بکات، ئەگەر زانا بوو ئەگەر ماوەی زۆری بەسەردا بڕوات (تحیة المسجد) دەڕوات، بەڵام ئەگەر کەم بوو سونەتە (تحیة المسجد) بکات، کە ئەمە وتەیەکی بەهێزە، واللە أعلم.
٧- ھەموو زانایان یەک دەنگن ھەرکەسێک داخلی مزگەوت بێت و قامەتیش بکرێت، یان ئیمام لەناو نوێژدا بێت، ئەوە نابێت (تحیە المسجد) بکات، لەسەری لادەچێت. (مجموع الفتاوی) لابن تیمیة (٢٣/٢٦٤)، (فتح الباري) لابن حجر (٢/٤١٠).
٨- دروستە (تحیة المسجد) بکەیت ئەگەر بە پێوە بوەستیت ئەگەر چی ماوەیەکی زۆریش بەسەریدا تێپەڕ ببێت، واللە أعلم.
٩- نوێژی (تحیة المسجد) دەکرێت لە هەر کاتێک بێت، هەتا دوای نوێژی بەیانیش، یان دوای نوێژی عصریش، یان کاتی نیوەڕۆ کاتی زەوال. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (٢/٦١٠).
١٠- هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک دەربچێت لە مزگەوت بۆ ماوەیەکی زۆر، پاشان بگەڕێتەوە ئەوە سوننەتە (تحیة المسجد) بکات، بەڵام ئەگەر ماوەکە کەم بێت جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا بۆ هەموو جارەکان نوێژ دەکات یان نە، وتەی ڕاست بۆ نییەتی کەسەکە دەگەڕێتەوە، دەرچوون لە مزگەوت و دووبارە داخلی مزگەوت بوونەوە ئەم سێ حالەتانەن:
أ- ئەگەر ماوەکە زۆر بوو سوننەتە (تحیة المسجد) بکاتەوە.
ب- ئەگەر ماوەکە کەم بوو سونەتە (تحیة المسجد) بکاتەوە ئەگەر نییەتی دەرچوونی هەبوو نەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر وا بۆی رێککەوت بگەڕێتەوە.
ج- ئەگەر ماوەکە کەم بوو سوننەت نییە (تحیة المسجد) بکاتەوە ئەگەر نییەتی گەڕانەوەی هەبوو و نییەتی دەرچوونی بە یەکجاری نەبوو.