پرسیار: کەسێک لەناو نوێژ پژمی ئایا (الحمدللە) دەڵێت دوای پژمین، ئەگەر بخوێنێ ئەوەی گوێی لێ دەبێت لەناو نوێژ وەڵامی دەداتەوە؟
وەڵام: سەبارەت بەوەی لەناو نوێژ پژمینی دێت زانایان دەڵێن:
١ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە ئەوەی دەپژمێت لەناو نوێژدا (الحمدلڵە) بڵێت، لەبەر:
ٲـ گشتییەتی وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (إذا عطس أحدكم فليقل: الحمد لله)، ئەمەیان ناو نوێژ و دەرەوەی نوێژ دەگرێتەوە.
ب ـ رفاعة بن رافع خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: نوێژم بەدوای پێغەمبەری خواوە (ﷺ) کرد، من پژمیم و وتم: (الحمد لله حمداً كثيراً طيباً مباركاً فيه، مباركاً عليه ، كما يحب ربنا ويرضى)، کاتێک پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی تەواو کرد فەرمووی: (کێ بوو قسەی کرد؟)، کەس قسەی نەکرد، جاری دووەم فەرمووی: (کێ بوو قسەی کرد؟)، کەس قسەی نەکرد، جاری سێیەم فەرمووی: (کێ بوو قسەی کرد؟)، رفاعة بن رافع
فەرمووی: من بوو ئەی نێردراوی خوا، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (چیت وت؟)، فەرمووی وتم: (الحمد لله حمداً كثيراً طيباً مباركاً فيه، مباركاً عليه، كما يحب ربنا ويرضى)، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (سوێند بەوەی نەفسی منی بەدەستە (لەنێوان ٣٣ تا ٤٠) فریشتەم بینی پێشبڕکێیان دەکرد لە بەرزکردنەوەی ئەم زیکرە). أخرجه الترمذي وأبو داود والنسائي، وقال الترمذي: حديث حسن.
فەرموودەی رفاعە ڕیوایەتی بوخاری هاتووە باسی پژمینی نەکردووە، بەڵکو باسی ئەوەی کردووە ئەم زیکرەی دوای ڕکوعی خوێندووە، بۆیە دەڵێن پژمینی دوای هەستانەوە بووە لە ڕکوع.
٢ـ وتەی ڕاست دروستە (الحمدللە) بڵێیت دوای پژمین لەناو نوێژی واجب و سوننەت لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، چونکە:
ـ فەرموودەی رفاعە دەفەرمووێت: نوێژم بەدوای پێغەمبەری خواوە (ﷺ) کرد، نوێژی واجب بە کۆمەل دەکرێت، نوێژ سوننەت کەم جار بە کۆمەل کراوە.
ـ ڕیوایەتی ئەبو داود (٧٧٣) هاتووە دەفەرمووێت: (نوێژ مغربم بەدوای پێغەمبەرەوە (ﷺ) کرد).
٣ـ ئەوەی (الحمدللە) دەڵێت دوای پژمین دەنگی بەرز ناکاتەوە، بەڵکو ئەوەندە بەرز دەکاتەوە خۆی گوێی لێ بێت.
٤ـ نابێت کەسێک لەناو نوێژ وەڵامی پژمین بداتەوە بە (یرحمك اللە)، فەرموودە جێگیربووە ئینکاری لەو کەسە کراوە کە وەڵامی پژمینی داوەتەوە: (إن هذه الصلاة لا يحل فيها شيء من كلام الناس هذا، وإنما هو التسبيح والتكبير وقراءة القرآن). أخرجه الإمام مسلم وأبو داود والنسائي.