سەردێری پرسیار: تا چەند دروستە نەچیتە نوێژی جەماعەت ئەگەر خواردن دانرابوو؟ دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن؟

بەرواری دانان :2023-07-04 کۆدی پرسیار:2949

پرسیار:

پرسیار: تا چەند دروستە نەچیتە نوێژی جەماعەت ئەگەر خواردن دانرابوو؟ دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام:  ئەسڵ لەم بابەتە ئەم فەرموودەیەیە:

عَنْ أَنَسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ: (إِذَا قُدِّمَ الْعَشَاءُ فَابْدَءُوا بِهِ قَبْلَ أَنْ تُصَلُّوا الْمَغْرِبَ). أخرجە البخاري (٦٧٢)، ومسلم (٥٥٧).

واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (ئەگەر نانی ئێوارە دانرا بە خواردن دەست پێ بکەن پێش ئەنجام دانی نوێژی مغرب).

سوودەکانی فەرموودەکە:

١- فەرموودەکە بەڵگەیە سوننەتە ئەگەر نانی ئێوارە دانرا بە خواردن دەست پێ بکەن پێش ئەنجام دانی نوێژی مغرب، ئەمە فەرمان کردنە سوننەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، ابن حزم دەفەرمووێت ئەم فەرمانە بۆ واجب بوونە، لەسەر ئەمە ئەگەر نوێژ پێش خواردن بخرێت نوێژی بەتالە، وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە، بەڵکو ابن عبدالبر لە (التمهید) (٢٢/٢٠٦) ئیجماع نەقل دەکات کە نوێژی ئەو کەسە دروستە ئەگەر خواردن ئامادە بێت.

٢- ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە خواردن پێش نوێژ دەخرێت بە مطلقی، جا پێویستی پێی هەبێت یان پێویستی پێی نەبێت، بەڵام زانایان دەڵێن ئەمە باسی ئەو حالەتەیە ئەگەر پێوستی بە خواردن بوو، وە نابێت بەردەوام بێت لەسەر ئەمە و بکاتە عادەت.

عبداللە بن عبدالرحمن آل بسام خوا بیپاریزێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پێش خستنی خواردن بە پێش نوێژدا سوننەتە، کە ئەمە وتەی ڕاستە، ظاهری یەکان بۆ ئەوە چوون واجبە، دەڵێن نوێژ دروست نییە لەم حالەتە کردەوە بە ظاهری فەرموودەکە دەکەن). توضیح الأحکام (٢/٦٣).

٣- ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ئەوەی ترسی لەدەست دانی نوێژی بە کۆمەلی هەبێت یان نە، چونکە فەرموودەکە عامە، زانایان دەڵێن هەر کەسێک برسی بێت خواردن دانرا بێت و بانگ بدرێت، لەم حالەتە عوزری هەیە ئەگەر ئامادەی نوێژ جەماعەت نەبێت، کە ئەمە  وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

ابن حزم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەو عوزرانەی کە بۆ پیاو هەیە ئامادەی نوێژی جەماعەت نەبێت لە مزگەوت: نەخۆشی، ترس، باران، ساردی، ئەگەر ترسی تیاچوونی مالی هەبێت، وە ئامادە بوونی خواردن). المحلی (٣/١١٨).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ظاهری فەرموودەکە وادیارە هیچ جیاوازی نییە لەنێوان ئەوەی ترسی لەدەست دانی نوێژی بە کۆمەلی هەبێت یان نە، چونکە فەرموودەکە عامە، لەسەر ئەمە پێش خستنی خواردن عوزرە بۆ تەرککردنی نوێژی بە کۆمەڵ، ابن عمر خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت خواردنی دەخوارد و گوێی لە دەنگی قورئان خویندنەوەی ئیمام بوو و دەمایەوە هەتا لەخوارد تەواو دەبوو.

خەڵکانێک هەموو ڕۆژانی ڕەمەزان کاتی ڕۆژوو شکاندن پێش مغرب خواردن دادەنێن، لەم کاتە چ بکەین؟ وەڵام: هیچی تێدا نییە خواردن بخوات، بەڵام باشتر وایە خورمایەک یان چەند خورمایەک بخوات لەگەڵ  قەهوە، پاشان بڕوات نوێژی مغرب بکات و بگەڕێتەوە خواردنی تەواو بکات.

هەر کەسێک نوێژی بە کۆمەلی لەدەست بڕوات ئایا پاداشتی نوێژی بە کۆمەل بۆی دەنووسرێت؟ وەڵام: ئەگەر عادەتی وابێت نوێژ بکات لەگەڵ جەماعەت، بەڵام هەندێک جار وا ڕێککەوت خواردن ئامادەبوو لە کاتی بانگ، لەم حالەتە ئومێدمان وایە پاداشتی جەماعەت بۆی بنووسرێت، لەبەر وتەی: (إذا مرض العبد أو سافر کتب لە مثل ما کان یعمل مقیما صحیحا)، لەبەر ئەوە نابێت خواردن کاتی بانگ دابنرێت و بکرێتە عادەت، بەڵکو دەبێت دوای بانگ دابنرێت بۆ ئەوەی نوێژ بە جەماعەت بکرێت، ئەمەیان گومانی تێدا نییە پاداشتی جەماعەت بە دەست دەهێنێت، بەڵام ئەگەر جار جار وا ڕێککەوت دەوترێ: پاداشتی جەماعەت بۆی هەیە، چونکە تەرکی کردووە عوزری هەبووە). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٤٨١-٤٨٢).

٤- فەرموودەکە بەڵگەیە ئەگەر خواردن ئامادە نەبوو و دانەنرابوو ئەگەر مرۆڤ برسیش بێت نوێژی مغرب پێش دەخرێت، چونکە پەیوەست بوون بە  خواردن ئەگەر لەبەردەمت بێت بەهێزترە لەوەی خواردن لەبەردەمت نەبێت. فتح ذي الجلال ولاإکرام (٢/٤٨١).

٥- ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە خواردن پێش دەخرێت ئەگەر چی کاتی نوێژیش بڕوات، بەڵام ئەمە مەبەستی فەرموودەکە نییە، چونکە دروست نییە نوێژ لە کاتی خۆی دەربچوێنی، ئەمە نابێتە عوزر نوێژ لە دەرەوەی کاتدا بکەیت، واتە دوای چوونی کاتی نوێژ. فتح ذي الجلال ولاإکرام (٢/٤٨٢).

عبداللە بن عبدالرحمن آل بسام خوا بیپاریزێت دەفەرمووێت: (ئەگەر کاتی نوێژی واجب کەم مابوو، بەجۆرێک ئەگەر خواردن بخوات کاتی نوێژ دەڕوات، لەم حالەتە زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون نوێژ پێش دەخرێت و دەبێت پاریزگاری لە کاتی نوێژ بکات، سەبارەت بەوانەی دەڵێن خشوع واجبە لەناو نوێژدا دەڵێن دەبێت خواردن پێش نوێژ بخرێت). توضیح الأحکام (٢/٦٣).

٦- فەرموودەکە بەڵگەیە خشوع واجبە، بەڵام وتەی ڕاست خشوع سوننەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، وە پێش خستنی خواردن بەسەر نویژدا مانای بەکەم دانانی نوێژ نییە، یان مانای ئەوەی نییە مافی بەندە بەسەر مافی خوای گەورە خراوە، بەڵکو ئەمە لە بابی بەگەورە دانانی نوێژە، چونکە خشوع ڕوحی نوێژە و بۆ ئەوەی نوێژ بکات بە دڵێکی ئامادەبوو.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە خشوع واجبە لەناو نوێژدا، چونکە هیچ شتێک سەرقالت ناکات لە واجب مەگەر شتەکە خۆی واجب بێت، بەڵام فەرموودەی وەسوەسە ڕیگری لەو وتەیە دەکات کە دەڵێت واجبە). فتح ذي الجلال ولاإکرام (٢/٤٨٣).

صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (فەرموودەکە بەڵگەیە موسلمان داوای لێکراوە بۆ خشوع لەناو نوێژدا). تسهیل الألمام (٢/١٤٨).

٧- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە ئەگەر خواردن دانرا بوو پێش نوێژ دەخرێت جا نوێژی مغرب بێت یان عیشا، چونکە:

أ- وتەی: (إذا أقیمت الصلاة)، عامە نوێژی مغرب و نوێژی تر دەگرێتەوە.

ب- وتەی: (لا صلاة بحضرة طعام)، ئەمەش عامە نوێژی مغرب و نوێژی تر دەگرێتەوە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (خواردنی ئێوارە لەسەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) لە کۆتایی کاتی عصر پێش نوێژی مغرب دادەنرا، خەڵک بەردەوام بوو لەسەر ئەمە هەتا نزیک ئەم سەردەمە، کاتێک خەڵک سەرقاڵ بوو لە خواردنی سەرەتای ڕۆژ ئارەزوویان کەم بووە لە خواردنی پێش شەو، وایان لێ هاتووە دوای نویژی عیشا خواردن دەخۆن، ئێمە دەڵێین: ئەگەر یەکێک خواردن بخوات پێش نویژی عیشا پێی دەڵێین: ئەگەر خواردن ئامادەبوو ئەوە بە خواردن دەست پێ بکە پێش نویژی عیشا). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٤٨٠-٤٨٠).

عبداللە بن عبدالرحمن آل بسام خوا بیپاریزێت دەفەرمووێت: (هەندێک مالکی بۆ ئەوە چوون ئەم حوکمە عامە، نابێت تایبەت بکرێت بە یەک نوێژ، ڕاستە بەڵگە هاتووە لەسەر نوێژی مغرب، بەڵام مانای ئەوە نییە حصر بکات). توضیح الأحکام (٢/٦٣).

٨- فەرموودەکە بەڵگەیە مرۆڤ دەخوات هەتا تێر دەبێت، ناڵێین: یەک پارو بخۆ یان دوو پارو پاشان هەستە، چونکە هەندێک جار پەیوەست بوون بە خواردنەوە زیاد دەبێت ئەگەر یەک دوو پاروی خوارد، لەسەر ئەمە دەڵێین: بۆی هەیە بخوات هەتا تێر دەبێت پاشان هەلبستێت نوێژ بکات بۆ ئەوەی دلی بەتال بێت، بەڵام پڕکردنی گەدە لە ئەسلدا سوپاسکراو نییە، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (حسب الآدمي لقیمات یقمن صلبە، فإن کان لا محالة فثلث لطعامە، وثلث لشرابە، وثلث لنفسە)، ئەمەش موافقە لەگەڵ طب). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٤٨٢-٤٨٣).

٩- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە هەر شتێکی تر مرۆڤ سەرقال بکات لەسەر خواردن قیاس دەکرێت. فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٤٨٣).

١٠- هەندێک زانا ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە نوێژکردن بە کۆمەل سوننەتە، چونکە ئەگەر واجب بوایا پێش خواردن دەخرا، بەڵام زانایان دەڵێن ئەمە نابێتە بەڵگە، بەڵکو ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە خواردن ئەگەر ئامادەبوو عوزرە بۆ نەهاتنە نوێژی بە کۆمەل.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام