سەردێری پرسیار:کەسێک لەناو نوێژ گوێی لە ناوی پێغەمبەر دەبێ، ئایا سەلاوات لێ بدات؟

بەرواری دانان :2023-07-07 کۆدی پرسیار:2955

پرسیار:

پرسیار: کەسێک لەناو نوێژ گوێی لە ناوی پێغەمبەر دەبێ، ئایا سەلاوات لێ بدات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەوەی لەناو نوێژ گوێی لەناوی پێغەمبەر (ﷺ) دەبێ، ئایا سەلاوات دەخوێنێ یان نە:

١ـ شافعی یەکان بۆ ئەوە چوون هەر کەسێک گوێی لەناوی پێغەمبەر (ﷺ) بوو یان ئایەتێکی خوێندەوە ناوی پێغەمبەری تێدابوو، سوننەتە سەلاوات لێ بدات، لەبەر گشتیەتی وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (البخيل من ذكرت عنده فلم يصل عليَّ). رواه أحمد والترمذي.

٢ـ مالکی یەکان بۆ ئەوە چوون دروستە سەلاوات بخوێنێ لەناو نوێژ بەڵام بە نهێنی و زۆریش دووبارە نەبێتەوە، چونکە خەڵک سەرقاڵ دەکات ئەگەر بە ئاشکرا بخوێنێت و کەسەکەش مشغول دەبێت و ئاگای لەنوێژ نامێنێت ئەگەر زۆر دووبارە ببێتەوە.

٣ـ حەنابلەکان وتەیان هەیە نوێژی دروستە ئەگەر سەلاوات لەناو نوێژ بخوێنێ ئەگەر گوێی لەناوی پێغەمبەر (ﷺ) بوو.

٤ـ حەنەفی یەکان بۆ ئەوە چوون نوێژ بەتال دەبێتەوە بە سەلاوات لێدان لەسەر پێغەمبەر (ﷺ) ئەگەر گوێی لەناوی بوو.

کەواتە شافعی یەکان بۆ ئەوە چوون سوننەتە سەلاوات لێبدەی، مالکی یەکان بۆ ئەوە چوون ڕێگەپێدراوە، حەنەفی یەکان بۆ ئەوە چوون قەدەغەکراوە و نوێژیش بەتال دەکاتەوە، باشتر وایە نوێژخوێن ئاگای لەنوێژی بێت سەلاوات نەخوێنێت، ئەگەر سەلاواتیشی خوێند دەنگی بەرز نەکاتەوە و زۆریش دووبارە نەکاتەوە، واللە اعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام