پرسیار: حوکمی تەکبیرەی ئیحرام؟ دەکرێت ڕوونکردنەوەیەکی پوخت بدەن؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە تەکبیرەی ئیحرام دەڵێن:
١ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون تەکبیرەی ئیحرام واجبە و ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی نوێژ، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن. (شرح صحیح مسلم) للنووي (٤/٩٦)، (تفسیر القرطبي) (١/١٧٥).
٢ـ دروست نییە بۆ تەکبیرەی ئیحرام وشەی تر بڵێیت دەلالەت لەسەر گەورەیی خوا بکات، زانایان دەڵێن بۆ تەکبیرەی ئیحرام دەبێت تەنها (اللە أکبر) بڵێیت، کە ئەمە وتەی مالکی و حەنابلە و وتەی کۆنی شافعی و داود الظاهری و ابن قیم و ابن عثیمینە.( شرح صحیح مسلم) للنووي (٤/٩٦)، (المغني) لابن قدامە (١/٣٣٣)، (حاشیة ابن قیم علی سنن أبي داود) (١/٩٢).
٣ـ تەرتیب لەنێوان (اللە أکبر) واجبە، دەبێت بڵێیت (اللە أکبر)، نابێت بڵێیت (الأکبر اللە) ئەمە دروست نییە، چونکە زیکرەکان تەوقیفین، زانایان دەڵێن تەکبیر چەند مەرجی هەیە کە ئەمانە:
- دەبێت (اللە أکبر) بڵێیت، نابێت هەر وشەیەکی تر بڵێیت دەلالەت لەسەر گەورەی خوا بکات.
- دەبێت بە تەرتیب بڵێیت (اللە أکبر)، نابێت بڵێیت: (الأکبر اللە).
- نابێت هەمزە بۆ ناوی اللە و وشەی الأکبر زیاد بکەی، ئەگەر یەکێک بڵێت: (آللە أکبر) دروست نییە، چونکە ڕستەکە دەکرێتە پرسیاری، وەک وتەی خوای گەورە: ﴿ءَآللَّهُ خَيۡرٌ أَمَّا يُشۡرِكُونَ٥٩﴾ [النمل: 59]، هەروەها ئەگەر بڵێت: (اللە آکبر)، ئەمەش دروست نییە، چونکە دەگوڕدرێت بۆ ڕستەی پرسیاری.
- نابێت مەد بۆ پیتی باء زیاد بکرێت، وەک ئەوەی بڵێت: (اللە أکبار)، زانایان دەڵێن: (أکبار) جمعی (کبر) وەک (أسباب) جمعی (سبب)ە، (کبر) بە مانای (طبل) دێت، واتە: دۆل و ئالەتی ڕابواردن. فتح ذي جلال والإکرام (٣/٣٠).
٤ـ مەرج بۆ دروستی تەکبیرەی ئیحرام بۆ نوێژی واجب ئەوەیە دەبێت بە پێوە بڵێیت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە. (روضة الطالبين) للنووي (١/٢٢٩)، (مغني المحتاج) للشربيني (١/١٥١)، (بدائع الصنائع) للكاساني (١/١٣١).
٥ـ دروست نییەتی نوێژ پێش تەکبیرەی ئیحرام بخرێت بە ماوەیەکی درێژ، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (المقدمات الممهدات) ابن رشد الجد (١/١٧٠).
٦ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە نییەتی نوێژ پێش تەکبیرەی ئیحرام بخەی بە ماوەیەکی کەم، مەرج نییە نییەت و تەکبیر پێکەوە بن، کە ئەمە حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە. (المغني) لابن قدامة (١/٣٣٩)، (حاشية العدوي على كفاية الطالب الرباني) (١/٢٦٠)، (المقدمات الممهدات) لابن رشد (١/١٧٠).
٧ـ دروست نییە نییەتی نوێژ بخەیتە دوای تەکبیرەی ئیحرام بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان. (روضة الطالبين) للنووي (١/٢٢٩)، (مغني المحتاج) للشربيني (١/١٥١).
٨ـ کەسێک کاتێک ئیمام دەچێتە ڕکوع دەگاتە نوێژی جەماعەت، دەبێت تەکبیری ئیحرم بکات نەک تەکبیری نەقل بوون، چونکە بە تەکبیری ئیحرام داخلی نوێژ دەبێت، بۆیە ئەگەر تەنها تەکبیری نەقل بوون بڵێت نوێژی بەتالە، زۆر کەس تووشی ئەم هەڵەیە دەبن.