پرسیار: ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکی پوختم بدەیتێ لە سەر پیاز خواردن بۆ مزگەوت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە خواردنی سیر و پیاز دەڵێن:
١ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مەکروهە ئامادەی نوێژی جەماعەت بێت ئەوەی سیر و پیازی خواردووە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون حەڕامە، باشتر وایە خۆت بەدوور بگری لە مزگەوت ئەگەر سیر و پیازت خوارد.
٢ـ عیلەتی نەهی کردن لە چوونە مزگەوت ئەوەیە چونکە مرۆڤ و فریشتە ئەزیەت دەدرێن لەبەر بۆنەکەی، لەسەر ئەمە ئەگەر کەسێک سیر و پیاز بخوات مزگەوت چۆلیش بێت نابێت، چونکە فریشتە ئەزیەت دەدرێت، هەروەها سیر یان پیاز ئەگەر بۆنی نەبوو جا بەهۆی کوڵاندن یان هەر هۆکارێکی تر دروستە بخۆیت و بچیتە مزگەوت. (مطالب أولي النهى) (١/ ٦٩٩).
٣ـ نەهی تایبەت کردن بە چوونە مزگەوت ئاماژەیە بۆ ئەوە نەهی نەکراوە بۆ چوونە بازاڕ و شوێنی تر، چونکە شوێنەکانی تر حورمەتی نییە وەک مزگەوت، شوێنی ئامادەبوونی فریشتە نین، هەروەها بازاڕ ئەگەر کەسێک بۆنی سیری لێ بێت دەتوانی خۆتی لێ بەدوور بگریت پێچەوانەی مزگەوت.
٤ـ ئەگەر سیر یان پیازت خوارد، ئەو کاتە ئەو شتانە بەکاربێنە کە بۆنی سیر و پیاز ناهێلن، ئەگەر بۆن لاچوو هیچی تێدانیە ئامادەی مزگەوت بێت. (اللقاء الشهري) لابن عثیمین (٤٢/٣٣).
٥ـ حەڵاڵ نییە بۆ کەس سیر و پیاز بخوات تا نەچێتە نوێژی جەماعەت، هەروەک چۆن سەفەر حەڵاڵ نییە لە ڕەمەزاندا بۆ کەسێک تا بەڕۆژوو نەبێت، چونکە فێل کردن لەوەی واجب لەسەری لابچێت لاناچێت. (اللقاء المفتوح) (٧٣/ ٢٧).
ئەمەیان لەسەر ئەو وتەیەی دەڵێت نوێژی جەماعەت واجبە، سەبارەت بەوانەی دەڵێن نوێژ کردن بە جەماعەت واجب نییە دەڵێن تاوانبار نابێت.
٦ـ بۆنی جگەر و قەساب و مریشک فرۆش و هەر بۆنێکی تر قیاس دەکرێت لەسەر سیر و پیاز، ئەگەر بۆنەکە ناخۆش بێت و خەڵک ئەزیەت بدرێت، نەهیەکەش بەپێی ناخۆشی و زۆری بۆنەکەیە، چەند بۆنی زۆر بێت نەهی یەکە تووندترە.
٧ـ هەر کەسێک سیر یان پیاز بخوات و بێتە مزگەوت نوێژ بکات، ئەوە نوێژی دروستە لەسەر هەردوو وتەکان، واتە: لەسەر وتەی ئەوانەی دەڵێن مەکروهە و ئەوانەی دەڵێن حەڕامە دەڵێن نوێژی دروستە، چونکە نەهی کراوە لەوەی بێیتە مزگەوت تا فریشتە و نوێژخوێنەکان ئەزیەت نەدەیت، نەک نەهی کرابێت لە خودی نوێژەکە یان هەندێک ڕوکن و واجبەکان، بەڵکو نەهی کراوە لە شتێک لە دەرەوەی نوێژە.