پرسیار: حوکمی ئەوانەی حەجی قاچاغیان کردووە؟ ئایا حەجیان قبولە؟
وەڵام: موسڵمان لە هەر وەڵاتێک بێت دەبێت پابەند بێت بەو یاسانەی دانراون ئەگەر پێچەوانەی شەرع نەبێت، لە وڵاتی موسڵمان ناو نووسین هەیە و لە سعودیەش ژمارەی دیاری کراویان داناوە بۆ حەج بۆ هەر وەڵاتێک، لە سعودیە حسابی هەموو شتێک کراوە، حسابی ئەوە کراوە شوێنەکە چەند کەس جێگای دەبێتە و ئەگەر زیاتر بێت باری خەڵک گران دەبێت، یان لە ژێر دەستیان دەردەچێت و دەبێتە هۆی مردنی چەندین کەس.
ئێمە ناڵێن ئەوانەی بە بێ مۆلەت دەچن هۆکاری مردنی خەڵکن، چونکە هەموو ساڵێک مردن لە حەج هەیە، بەڵام ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت و زۆر بێت ژمارەی ئەوانەی بێ مۆلەت دەچن، گومانی تێدانییە دەبنە هۆکاری دروست بوونی فەوزا و مردن، ئەگەر بێ مۆلەتیش بچن حەجیان قبولە و تاوانبارن.
بۆیە موسڵمان دەبێت تەقوای خوا بکات و خاوەن کەسایەتی باش بێت و بە ژیرانە مامەڵە بکات، پێچەوانەی ئەوانەی زۆربەی خەڵکی و دەسەڵاتدارەکان کافر دەکەن، دەسەڵاتدارەکان و زۆربەی خەڵکی کوردستان و سعودیە کافر دەکەن و حەج کردن بە بێ مۆلەت بە ڕەوا دەبینن، بەڵکو بگرە هەندێکیان دزی کردنیش لە حوکمەت بەڕەوا دەبینن خوا هیدایەتیان بدات بۆ ڕێگای ڕاست.
ئەمساڵ چاوپۆشی کراوە لەوانەی بێ مۆلەت ڕۆیشتوون بۆ حەج، بەڵام بۆ ساڵانی تر زەحمەتە ڕێگە بدرێت و سنورێک بۆ ئەمانە دادەنرێت، حەج لەسەر مرۆڤ واجبە ئەگەر مرۆڤ توانای هەبوو و بۆی ڕێککەوت و ناوی دەرچوو بۆ حەج، دەرنەچوونی ناو عوزرێکە و مرۆڤ تاوانبار نابێت.