سەردێری پرسیار:حوکمی باسکردنی نهێنی نێوان ژن و پیاو؟

بەرواری دانان :2023-07-18 کۆدی پرسیار:2981

پرسیار:

پرسیار: حوکمی باسکردنی نهێنی نێوان ژن و پیاو؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بە نهێنی نێوان ژن و پیاو زانایان دەڵێن:

١ـ حەڕامە پیاو نهێنی نێوان خۆی و خێزانی بلاوبکاتەوە لە خۆشی لەگەڵ بردن و وردەکارییەکانی جووت بوون باس بکات ئەوەی لەگەڵ خێزانی کردوویەتی، جا کردەوە بێت یان وتە و شتی تر. (شرح صحيح مسلم) (٩/١٠).

٢ـ بڵاوکردنەوەی نهێنی لە تاوانە گەورەکانە، چونکە وەعیدێکی تووندی لەسەری هاتووە، دەبێت کەسەکە ئەوەی نێوان خۆی و خێزانی بپارێزیت، جگە لە حالەتێک نەبێت کە دروستە ئەویش ئەگەر پێویستی کرد، بۆ ڕوونکردنەوەی حوکمێکی شەرعی، نموونە: کاتێک پرسیار لە پێغەمبەر (ﷺ) کرا  عائشەش لەوێ ئامادە بوو، سەبارەت بە پیاوەی جووت دەبێت لەگەڵ خێزانی پاشان مەنی ناھێتە خوارەوە، فەرمووی: (من ئەوەم دەکرد ئەمە (مەبەستی عائشە بوو) پاشان خۆمان دەشۆرد)، ئەمە شتێکە بلاوکردنەوەی نھێنی تێدایە بەلام پێویستی شەرعییە، پاشان ئەمەیان شتێک نەبوو وردەکاری تێدا بێت بەلکو بە شێوەیەکی گشتی باسی کردووە، گومانی تێدا نییە شتێک بە وردەکاری باس بکرێت گەورەترە و تووندترە. فتح ذي الجلال والاکرم (١١/ ٢٦٠ـ٢٦١).

پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (خراپترینی خەلک لای خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەت ئەو کەسەیە کە دەچێتە لای خێزانی خۆی و پاشان نھێنی بلاو دەکاتەوە). رواه مسلم (١٤٣٧).

٣ـ بۆ ئافرەتیش حەڕامە وەک پیاو کە نابێت نھێنی بلاو بکاتەوە، دەلێین قیاس کردنەکە ڕوون و ئاشکرایە و گومانی تێدا نییە کە ئافرەتیش وەک پیاو وایە، حەلال نییە نھێنی نێوان خۆی و ھاوسەری بلاوبکاتەوە. فتح ذي الجلال والاکرم (١١/ ٢٦٠ـ٢٦١).

٤ـ ئەم ڕێگری کردنە لە بلاوکردنەوەی نھێنی نێوان ژن و پیاو چەند سوودی ھەیە:

ـ پەروەردەکردنی ژن و پیاوە لەسەر پاراستنی نھێنی یەکتری و یەکتر داپۆشین.

ـ پاراستنی زمان لە باسکردنی شتێک کە سوودی نییە.

ـ گرینگی دانی ئیسلام بە خێزان و پاراستنی لەو ھۆکارانەی دەبێتە ھۆی تێکچوون و پووچ بوونی خێزان.

ـ پاراستنی ئەو خۆشەویستی و پەیوەندییە قوولەی کە لە نیوان ژن و پیاو دا ھەیە و دوورکەوتنەوە لە ھەموو ئەو شتانەی کە خۆشەویستی و پەیوەندی نێوانیان ناھێلێت یان تێکی دەدات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام