پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (مَنْ سمعَ النداءَ فلمْ يُجِبْ مِن غيرِ عذرٍ فلا صلاةَ لَه)؟
وەڵام: عن ابن عباس رضي اللە عنهما قال: قال رسول اللە (ﷺ): (مَنْ سمعَ النداءَ فلمْ يُجِبْ مِن غيرِ عذرٍ فلا صلاةَ لَه). أخرجه أبو داود (551) مطولاً، وابن ماجە (١/٢٥٩)، الدارقطني (١/٤٢٠)، وابن حبان (٥/٤١٥)، والحاکم (١/٢٤٥).
واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک گوێی لە بانگ بێت و وەڵامی نەداتەوە و نەچێت بۆ مزگەوت، ئەوا نوێژی بۆی نییە مەگەر بەهۆی پاساو و عوزرێکەوە بێت).
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە و ماناکەی:
(من سمع النداء): واتە: هەر کەسێک گوێی لە بانگ بێت، مەبەست پێی گوێ لێ بوونە بێ سەماعە، هەندێک دەڵێن مەبەست پێی بوونی زانستە بە داخل بوونی کاتی نوێژ، جا بە هەر هۆکارێک یان ئەدەواتێک بێت کە کات دیاری دەکەن.
(فلا صلاةَ له إلَّا مِن عُذْرٍ): ڕیوایەتی ئەبو داود هاتووە دەڵێن: عوزر چییە؟ فەرمووی: (ترس و نەخۆشی یە).
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نوێژ کردن بە جەماعەت لە مزگەوت مەرجە بۆ دروستی نوێژ، واتە: هەر کەسێک نوێژ لە ماڵەوە بکات بێ عوزر نوێژی دروست نییە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن حزم و ابن تیمیەیە.
وتەی ڕاست نوێژ کردن بە جەماعەت لە مزگەوت مەرج نییە بۆ دروستی نوێژ، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وەڵام بۆ ئەم فەرموودەیە لە دوو ڕووەوەیە:
ٲـ جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا ئەمە (مرفوع)ە یان (موقوف)ە، وتەی ڕاست (موقوف)ە، کە ئەمە وتەی ڕاستە. (فتح الباري) لابن رجب (٥/٤٤٥)، (التلخص) (٢/٣٢)، (السنن الکبری) (٣/٥٧).
ئەگەر (مرفوع)یش بێت دەڵێن فەرموودەی: (صلاة الجماعة أفضل من صلاة الفذ بسبع وعشرين درجة)، بەڵگەیە ئەوەی بە جەماعەت نوێژ دەکات یەک دەرەجە بۆی هەیە، کەواتە نوێژی بەتال نییە و نوێژ کردن بە جەماعەت لە مزگەوت مەرج نییە بۆ دروستی نوێژ.
ب ـ وتەی: (فلا صلاةَ له)، واتە: نوێژی تەواو (کامل) بۆی نییە، خێری تەواوی بۆ نییە، نەک نوێژی بۆی نییە و نوێژی بەتالە، کەواتە نەفی لەم فەرموودەیە نەفی (کمال)ە نە (الصحة)یە، ئەگەر ئاوا لێک بدەیتەوە ئەوە جمعە لەنێوان بەڵگەکان، چونکە بەڵگەی صحیح هاتوون کە نوێژی بەتال نییە.
٢ـ فەرموودەکە بەڵگەیە نوێژی جەماعەت مەبەست پێی نوێژە لە مزگەوت، دروست نییە نوێژ بکەیت بە جەماعەت لە شوێنێک مەگەر مزگەوت دوور بێت و گران بێت لەسەریان بچن بۆ مزگەوت. (فتح ذي الجلال والاکرام (٤/٣٤٦).
٣ـ فەرموودەکە بەڵگەیە دەبێت گوێی لە بانگ بێت تا وەڵامی بانگ بداتەوە و بچێتە نوێژی جەماعەت، سەبارەت بە نوێژی هەینی زانایان دەڵێن ئەگەر کەسەکە نیشتەجێ بێت نوێژی هەینی لەسەری واجب دەبێت جا گوێی لە بانگ بێت یان گوێی لێ نەبێت.
٤ـ فەرموودەکه بەڵگەیە عوزر لە مرۆڤ وەردەگیرێت بۆ نوێژی جەماعەت، نموونە: نەخۆشی و ترس و ئامادەبوونی خواردن یان کەسێک تەنگاوە بۆ حاجەت کردن و بەنوێژی جەماعەت ناگات.