سەردێری پرسیار:کەسێک (٣٠) مسقال زێڕ کردووە بە مارەیی بۆ خێزانی، وا ڕێککەوتوون دواتر مارەیی پێی بدات، ئێستا لێک جیابوونەتەوە، ئایا (٣٠) مسقاڵ زێڕی نوێی بۆ دەکات، یان دەتوانێ زێڕی بەکارهاتووی بۆ بکات؟ چ جۆری زێڕی بۆ دەکات؟

بەرواری دانان :2023-07-21 کۆدی پرسیار:2993

پرسیار:

پرسیار: کەسێک (٣٠) مسقال زێڕ کردووە بە مارەیی بۆ خێزانی، وا ڕێککەوتوون دواتر مارەیی پێی بدات، ئێستا لێک جیابوونەتەوە، ئایا (٣٠) مسقاڵ زێڕی نوێی بۆ دەکات، یان دەتوانێ زێڕی بەکارهاتووی بۆ بکات؟ چ جۆری زێڕی بۆ دەکات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بە مارەیی ئافرەت زانایان دەڵێن:

١ـ دەبێت ئەوەندە زێڕە بدات کە لەسەری ڕێککەوتوون، نابێت کەمتر بێت مەگەر ئافرەت داکۆکی بکات لە هەندێک مارەیی خۆی و لێی خۆش بێت.

٢ـ دەبێت لە عەیار ئەو زێڕەی بۆ بکات کە لەسەری ڕێککەوتوون، نابێت عەیاری کەمتر بێت یان فێل لە عەیاری کرا بێت.

ئەم دووانەی سەرەوە زۆر گرینگە پیاو پاپەند بێت پێیەوە، سەبارەت بە جۆری زێڕ سێ جۆرمان هەیە:

١ـ زێڕ هەیە کراوە بە سەبیکە، تاوێندراوەتەوە و کراوە بە یەک پارچەی بچووک، یان زێڕی شکاو، پیاو نابێت ئەم زێڕە بدات بە ئافرەت، چونکە عادەتەن زێڕ بۆ ئەوە دەکرێت ئافرەت لەبەری بکات و بەخۆیەوە هەڵواسێت، مەگەر ژن و پیاو لەسەرەتا لەسەر سەبیکە ڕێککەوتبن یان زێڕی شکا.

٢ـ زێڕی نوێ، ئەمەیان چەند جۆری هەیە، لەنرخ زێڕ هەموویان یەک نرخن بەڵام حەق دەستیان جیاوازە، نموونە: (زێڕی عێراقی و تورکی و خەلیجی و هیندی و ئیطالی و کوێتی و ....)، هەموو ئەمانە حەق دەستیان لێک جیاوازە، حەق دەستیش لە یەک مسقاڵدا لە (٢٠) هەزارەوە دەست پێ دەکات تا (١٢٠) هەزار یان زیاتر.

ئەسڵ وایە زێڕەکە دەبێ نوێ بێت، ئەگەر ژن و پیاو لەسەر ئەوە ڕێککەوتبن دەبێت زێڕەکە نوێ بێت و جۆری زێڕەکەشیان دیار کردبێت (نموونە: داوای زێڕی هیندی یان ئیطالی کردبێت)، ئەوا دەبێت پیاو پابەند بێت بەو ڕێککەوتنە، ئەگەر جۆری زێڕەکەیان دیار نەکردبێت پیاو ئەو جۆرەی بۆ دەکات کە مام ناوەندە و زۆربەی ئافرەتان لەسەر ئەو جۆرە مارە دەکرێن، یان جۆرەکە بە پێی توانای پیاوەکەیە، ئەگەر پیاو هەژار بوو زێڕێک بۆی دەکرێت حەق دەستی کەمترین بێت.

نابێت ئافرەتی تەلاق دراو هەوڵ بدات زیان بەو پیاوە بگەیەنێت کە تەلاقی داوە، دەبێ فەزلی یەکتر لەبیر نەکەن دوای تەلاقیش، وە نابێت پیاویش زیان بەو ئافرەتە بگەیەنێت.

٣ـ زێڕی کۆن یان بەکارهاتوو، زێڕی بەکارهاتوو دوو جۆرە:

ٲـ هەیە قۆپانەوە و شوخت و کۆنی پێیەوە دیارە، ئەمەیان نابێت بۆ ئافرەتەکە ببات.

ب ـ هەیە نوێ یە یان پۆلیشی بۆ کراوە و ئاوزێڕ کراوە و نوێ بۆتەوە، ئەمەیان دروستە پێی بدەیت، چونکە:

ـ زێڕ ئەگەر نوێ بێت هیچ کێشەی تێدانییە، زۆربەی زۆری بازاڕی ئێستا زێڕی بەکارهاتووی نوێ بە حەق دەستەوە دەفرۆشن، قازانجی زێڕینگریش لە حەق دەست دایە.

ـ ئەگەر زێڕی بەکارهاتوو پۆلیش بکرێت وەزنی کەم دەبێت و ئاوزێڕ کردنیش مەسرەف لەسەر زێڕینگر دەوەستێت، بۆیە ئەگەر بە حەق دەستەوە نەفرۆشت زەرەر دەکات.

ـ زێڕ کۆن نابێت، زێڕ چەند کۆن بێت دەتاوێندرێتەوە و زێڕی تری لێ دروست دەکات، بۆیە زێڕی بەکارهاتووی بێ عەیب کە نوێ یە یان بە پۆلیش و ئاوزێڕ نوێ کراوەتەوە وەک زێڕی ترە، تەنها ئەوە نەبێت ئاوزێڕ هەیە جیاوازە لەگەڵ ئاوزێڕی تر.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام