پرسیار: حوکمی نوێژ کردن بەدوای ئیمام هەڵەی هەبێت لە خوێندنەوەی سورەتی (الفاتحة)؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەڵەکردن لە خوێندنەوەی سورەتی (الفاتحة) دوو حاڵەتە:
یەکەم: ئەگەر هەڵەکردن ماناکەی بگۆڕێت دروست نییە شوێن ئەو ئیمامە بکەویت بۆ نوێژ، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی مالکی، چونکە:
١ـ ئەگەر عوزری نەبێ نوێژی بەتالە و دروست نییە شوێنی بکەویت بۆ نوێژ. (المجموع) للنووي (٤/٢٦٧).
٢ـ لەو کەسانە نییە ئەهلی قورئان خوێندنەوە بێت بۆ نوێژخوێنەکان. (البيان) للعمراني (٢/٤٠٥).
٣ـ ئەوەی فاتیحە باش نەزانێت بخوێنێتەوە و پێش بکەوێت بۆ نوێژ دەچێتە ژێر نەهی، پێچەوانەی ئەو فەرمانەی کردووە کە دەبێت ئەو کەسە پێش بکەوێت کە زۆرترین قورئانی لەبەرە و بەدروستی دەخوێنێتەوە، ئەم نەهی یە دەلالەت لەسەر پوج بوون دەکات. (البيان) للعمراني (٢/٤٠٥).
دووەم: ئەگەر هەڵەکردن ماناکەی سورەتی فاتیحە نەگۆڕێت مەکروهە نوێژ بەدوایەوە بکەیت، ئەگەر نوێژ بکەیت نوێژت دروستە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی حەنابلە، ئیجماع نەقل کراوە کە نوێژی بەتال نییە، چونکە:
١ـ هەستاوە بە ئەنجام دانی خوێندنەوەی واجب. (المغني) لابن قدامة (٢/١٤٦).
٢ـ مەکروهە شوێن ئەو ئیمامە بکەویت چونکە پێش نوێژی کردن شوێنی کەمالە، ئەم جۆرە خوێندنەوەیە لە بابی کەمال نییە. (البيان) للعمراني (٢/٤٠٨).
کەسێک پێش نوێژی بکات قورئان بخوێنێتەوە و هەڵەی هەبێت ماناکەی نەگۆڕێت، نموونە ئەم ئایەتە: (لا ترفَعوا أصواتُكم)، بە ضەممە بخوێنێتەوە کە ڕاستەکە فەتحەیە، ئەوە نوێژی پوچ نابێت و بەتال نابێت بە یەک دەنگی هەموو زانایان. (الفتاوى الهندية) (١/٨١).
کەواتە هەر کەسێک نوێژ بکات جا ئیمام بێت یان مٲموم هەڵە بکات لە خوێندنەوەی فاتیحە و هەڵەکە مانای ئایەتەکە بگۆڕێت، ئەوە نوێژی بەتالە، چونکە فاتیحە ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی نوێژ، واجبە لەسەری خوێندنەوەی خۆی ڕاست بکاتەوە و خۆی فێری خوێندنەوەی ڕاستی فاتحە بکات مەگەر کەسێک توانای فێربوونی نەبێت، ئەمەیان دوای هەوڵ دان ئەگەر فێرنەبوو هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر ئەم کەسە ئیمام بوو نوێژی بەدوای مەکەن مەگەر ئیمام بێت بۆ کەسانی وەک خۆی یان خراپتر لەخۆی.
نوێژ کردن بەدوای ئەوەی هەڵەی هەیە مانای ئایەت ناگۆڕێ دروستە، باشتریش وایە نوێژ بەدوای کەسێک بکەی ئەم هەڵانەشی نەبێت، ئەو هەڵانەی مانا ناگۆڕن نموونە: وشەی:(رَبِّ) بکاتە فەتحە یان ضەممە لە ئایەتی: (الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ)، یان وشەی: (الرَّحمنِ) بە فەتحە یان ضەممە بخوێنیتەوە.
ئەو هەڵانەی مانا دەگۆڕن نموونە: (إِيَّاكَ نَعْبُدُ)، کاف بە کەسرە بخوێنێتەوە، هەروەها وتەی: (أَنْعَمْتَ)، کۆتاکەی بە کەسرە یان ضەممە بخوێنێتەوە.