سەردێری پرسیار:لە نوێژی جەژندا حەوت جار (اللە اکبر) دەکەین، وتنی: (سبحان اللە والحمدللە ولاالە الا الله واللە اکبر)، لەدوای هەر (اللە اکبر) ئایە ئەم فەرموودە سەحیحە یان لاواز کە لەدوای (اللە اکبر) ئەم زیکرانە بکەین؟

بەرواری دانان :2023-07-25 کۆدی پرسیار:3005

پرسیار:

پرسیار: لە نوێژی جەژندا حەوت جار (اللە اکبر) دەکەین، وتنی: (سبحان اللە والحمدللە ولاالە الا الله واللە اکبر)، لەدوای هەر (اللە اکبر) ئایە ئەم فەرموودە سەحیحە یان لاواز کە لەدوای (اللە اکبر) ئەم زیکرانە بکەین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە زیکری نێوان تەکبیرەکانی نوێژی جەژن، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سوننەت نییە زیکر لەنێوان تەکبیرەکانی نوێژی جەژن بخوێنی، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و ئەوزاعی و ابن حزم و صنعانی یە، چونکە:

١ـ هیچ فەرموودە نەقڵ نەکراون سەبارەت بەم زیکرە، ئەگەر ڕێگەپێدراو بوایا نەقل دەکرا هەروەک چۆن تەکبیرەکان نەقڵ کراون. (الشرح الممتع) لابن عثیمین (٥/١٣٩، ١٤٠)، (المغني) لابن قدامة (٢/٢٨٤).

٢ـ تەکبیرەکانی نوێژی جەژن زیکرێکە لە جنسی سوننەتەکان کە بەدوای یەک ئەنجام دەدرێن وەک تەسبیح لە ڕکوع و سوجدە. (المغني) لابن قدامة (٢/٢٨٤).

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئەم تەکبیرانە بەدوای یەک دەخوێندرێن و پێکەوەن هیچ زیکری لەنێوانیان نییە). (شرح النووي على مسلم) (٦/١٨٠).

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە زیکر بخوێنیت لەنێوان تەکبیرەکانی نوێژی جەژن، کە ئەمە وتەی شافعی و ئەحمەدە، چونکە:

١ـ لە هەندێک لە پێشینەکان نەقل کراوە زیکریان خوێندووە لەنێوان تەکبیرەکان، لەوانە ابن مسعود.

٢ـ تەکبیرەکانی حاڵەتی بەپێوە وەستان سوننەتە زیکر بخوێنیت وەک تەکبیرەکانی نوێژی جەنازە.

زانایان دەڵێن نوێژی جەژن دروستە جا زیکری نێوان تەکبیرەکان بخوێنی یان نەخوێنی، وە دەتوانی بڵێی خوێندنی زیکری نێوان تەکبیرەکان مەجالی تێدایە، واللە ٲعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام