پرسیار: ئایا بەڵگە هەیە لەسەر سونەتی بەڕۆژوو بوون لە ڕۆژێک دوای عاشورا واتا ڕۆژی یانزەیەم؟
وەڵام: زانایان دەلێن عاشورا سێ حالەتی ھەیە:
١ـ ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبیت، ئەمەیان سوننەتە ئەگەر بە تەنیاش بگریت لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون مەکروهە ڕۆژی دەیەم بەتەنیا بەڕۆژوو بیت.
٢ـ ڕۆژێک پێش عاشورا و لەگەڵ عاشورا پێکەوە بەڕۆژوو دەبیت، ئەمەیان سوننەتە بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، بەڵگە:
ـ عن عبدِ اللهِ بنِ عبَّاس رَضِيَ اللهُ عنهما، قال: قال رسولُ الله (ﷺ): (لئِن بقيتُ إلى قابلٍ، لأَصُومنَّ التَّاسِعَ). رواه مسلم (١١٣٤).
لە عبد اللە بن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ئەگەر بمێنمەوە بۆ ساڵی داهاتوو ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبم).
٣ـ ڕۆژی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت (واتە: ٩،١٠،١١)، یان ڕۆژی (١٠،١١) بەڕۆژوو دەبێت، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەمەش سوننەتە، چونکە:
ـ پێچەوانەی جولەکە کردنە، پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەبەر ئەوە فەرموویەتی: (ئەگەر بمێنمەوە بۆ ساڵی داهاتوو ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبم)، بۆ ئەوەی پێچەوانەی جولەکە بکات، (٣) ڕۆژ بەڕۆژوو بوون یان ڕۆژی (١٠،١١) بەڕۆژوو بوون پێچەوانەی جولەکە کردن دێتەدی.
ـ بەشێوەیەکی گشتی سوننەتە لە مانگە حەڕامەکاندا بەڕۆژوو بیت.