پرسیار: حیکمەت چییە لە نوێژی نیوەڕۆ یان عصر دروستە جار جار ئایەتێک بە دەنگ بخوێنی؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە ئیمام جار جار کاتی قورئان خوێندنەوە هەندێک ئایەت بداتە بەر گوێی خەڵک لە نوێژی نیوەڕۆ و عصردا، بەڵگە کردەوەی پێغەمبەر (ﷺ)). فتح ذي الجلال والإکرام (٣/١٨٦).
لە أَبِي قَتَادَةَ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) سیفەتی وابوو لە دوو ڕەکاعەتی سەرەتا لە نوێژی نیوەڕۆدا سورەتی فاتیحە و دوو سورەتی تری دەخوێند، لە یەکەمدا درێژی دەکردەوە، وە لە دووەمدا کورتی دەکردەوە، وە جار جار ئایەتێکی دەدا بە گوێماندا، لە نوێژی عصردا سورەتی فاتیحە و دوو سورەتی تری دەخوێند، لە یەکەمدا درێژی دەکردەوە، وە لە دووەمدا کورتی دەکردەوە، وە لە دوو ڕەکاعەتی کۆتایی سورەتی فاتیحەی دەخوێند، وە نوێژی بەیانی ڕەکاعەتی یەکەمی درێژ دەکردەوە، وە دووەمی کورت دەکردەوە). أخرجە البخاري (٧٥٩)، ومسلم (٤٥١).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سونەتە جار جار ئیمام هەندێک ئایەت بە بەر گوێی خەڵک بدات، حیکمەت لەمەدا:
١- بۆ ئەوەی نوێژ خوێن بەئاگا بێت.
٢- بۆ ئەوەی بزانن ئیمام سورەتێک دەخوێنێت.
٣- لەوانەیە لەبەر ئەوە جار جار ئایەتی بەدەنگ خوێندبێت ئەو ئایەتەی خوێندووە مانایەکی تایبەتی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵک ئاگادار بکاتەوە.