سەردێری پرسیار: حوکمی باسکردنی تاوان (زینا و دەست درێژی) لە کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان؟

بەرواری دانان: 2023-08-02 کۆدی پرسیار: 3018

پرسیار:

پرسیار: حوکمی باسکردنی تاوان (زینا و دەست درێژی) لە کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: باسکردنی تاوانی زینا و فاحیشە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دروست نییە، چونکە:

١ـ باسکردنی فاحیشە لەناو کۆمەڵگا دەبێتە هۆی ئەوە تاوان دەبێتە شتێکی ئاسایی و هەیبەتی نامێنێت، خەڵک زیاتر تووشی فاحیشە دەبێت.

٢ـ ئەسڵ وایە بەندە لەنێوان خۆی و خوای گەورەدا تەوبە بکات، نابێت مرۆڤ کەشف و ڕیسوا بکرێت.

٣ـ باسکردنی ئەم جۆرە تاوانانە کێشەکان قولتر دەکەن.

ئایینی ئیسلام سوورە لەسەر پاراستنی ناموس و بەرگری لێکردنی، چونکە مەرجی داناوە بۆ جێگیربوونی حەدی زینا، دەبێت چوار شایەتی پیاو هەبن بە ڕاشکاوانە شایەتی بدەن، ئەگەر شایەتەکان کەمتر بوون لە چوار شایەت ئەوە حدی قذفیان لەسەر جێ بەجێ دەکرێت، ئەمەش لەبەر پاراستنی ناموس و داپۆشینیانە، ئەگەر ئەمە نەکرابا ئەوە خەڵک زمانی خۆیان نەدەگرتەوە لە باسکردنی ناموسی خەڵکی تر، وای لێ دەهات زۆر ماڵ هەجر دەکران و چەندین ئافرەت و پیاو فەرامووش دەکران.

ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە سەردەمی خۆی دەفەرمووێت: (حەدی زینا جێگیر نەبووە بە شایەتی دان تا ئەمڕۆ). تفسیر سورة النساء لابن عثیمین (١/١٢٧-١٢٨).

ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک تاوانێکی کرد بە نهێنی، ئەوە با تەوبە بکات بە نهێنی، لەسەری نییە تاوانی خۆی ئاشکرا بکات). مجموع الفتاوی (١٥/٣٠٢-٣٠٣).

بەداخەوە بۆ هەندێک سۆشیال میدیای ئێستا کە ئامانج و گرینگترین شت لایان ڕاکێشانی خەڵک و زۆرترین بینەرە، جا ئەو شتەی پەخش دەکات باش بێت یان خراپ بێت گرینگ نییە لایان، کە ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، سۆشیال میدیا کاریگەریەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگا هەیە بۆیە دەبێت زۆر بەوردی سەیری کۆمەڵگا بکەیت و شتی بەسوود بڵاوبکەیتەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام