پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (من استمع إلى حديثِ قومٍ وهم له كارِهونَ صُبَّ في أذنهِ الآنُكُ يومَ القيامةِ)؟
وەڵام: عن عبدالله بن عباس رض اللە عنهما قال: قال رسول اللە (ﷺ): (من استمع إلى حديثِ قومٍ وهم له كارِهونَ صُبَّ في أذنهِ الآنُكُ يومَ القيامةِ). رواە البخاري (٧٠٤٢).
واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک هەوڵ بدات گوێ لە قسەی قەومێک بگرێت ئەوان پێیان ناخۆش بێت، ئەوە لە ڕۆژی قیامەتدا مسی تواوەی لە گوێی دەکرێت).
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە:
(من استمع إلى حديثِ قومٍ): واتە: هەر کەسێک هەوڵ بدات گوێ لە قسەی قەومێک بگرێت بەنهێنی، نموونە: دادەنیشێت لەلای دەرگا گوێ لە قسەیان دەگرێت، یان لە نزیک ئەوان دادەنیشێت وا بەدیار دەخات زیکر دەکات یان قورئان دەخوێنێتەوە یان کتێب دەخوێنێتەوە.
مەبەستی فەرموودەکە ئەوانەیە کە بە نهێنی قسە دەکەن و دەنگیان نزم دەکەن، سەبارەت بەوانەی دەنگیان بەرز دەکەن هیچی تێدانییە گوێ لە قسەیان بگریت.
(الآنُكُ): واتە: مسی تواوە.
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ حەڕامە گوێ لە قسەی کەسانێک بگریت کە پێیان ناخۆشە، ئەمەیان لە ڕەوشتی ناشیرینە و لە تاوانە گەورەکانە، لەبەر ئەوەی هەڕەشە لەسەری هاتووە، هەر تاوانێک هەڕەشەی لەسەر هاتبێت تاوانێکی گەورەیە.
٢ـ فەرموودەکە بەڵگەیە ئەگەر گوێ لە قسەی خەڵکانێک بگریت پێیان خۆش بێت حەڕام نییە و دروستە، چونکە بە گوێ لێ گرتنیان زیاتر دڵ خۆش دەبن، نموونە کەسانێک لەنێوان خۆیان باسی بابەتێکی زانستی ئایینی دەکەن، مرۆڤ گوێ دەگرێت تا سوودی لێیان وەربگرێت، پاشان دواتر خەبەری پێیان بدات کە سوودی لەوان وەرگرتووە، ئەمەیان هیچی تێدانییە. فتح ذی الجلال والاکرام (١٥/٣٢٨).
سەبارەت بە گوێگرتن لە قسەی ئەوانەی تۆ نازانیت پێیان ناخۆشە یان پێیان خۆشە، ئەمەشیان دروست نییە. (فتح الباري) لابن حجر (١٢/٤٢٨).
٣ـ گوێ گرتن لە قسەی دوژمن ناچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە، بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) جاسوسی ناردووە بۆ ئەوەی سەیریان بکات چ دەکەن و چی دەڵێن، بۆ ئەوەی موسڵمان خۆی بپارێزێت لە فێل و مەکرەکانیان. فتح ذی الجلال والاکرام (١٥/٣٢٨).
٤ـ سەیری خەڵک کردنیش بە دووربین لە حاڵەتێک کەسەکە پێی ناخۆش بێت دەچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە، نموونە: کەسێک لەگەڵ خێزانی خۆیەتی و کەسیش لێی دیارنییە و حەز ناکات کەس بیبینێت، کەسێکی تر بە دووربین سەیریان بکات ئەمەش دروست نییە، بەڵام لەم حاڵەتە ناتوانین بەشێوەی بڕاوە بڵێین مسی تواوە لەچاوی دەکرێت لە ڕۆژی قیامەتدا، چونکە سزا شەرعیەکان ناتوانین قیاس بکەین، سەبارەت بە حوکم بەڵێ دەتوانی قیاس بکەین، گومانی تێدانییە ئەمە حەڕامە و لە تاوانە گەورەکانە. (فتح ذی الجلال والاکرام) لابن عثیمین (١٥/٣٢٩).
٥ـ وێنە گرتنی خەڵک لەپێشترە بچێتە ژێر ئەم فەرموودەیە، چونکە وێنە خەزن دەکرێت و بڵاودەبێتەوە، لەسەر ئەمە بەلاو و فیتنە گەورەترە، لەسەر ئەمە دروست نییە مرۆڤ وێنەی کەس بگرێت مەگەر بە ئیزنی خۆی، هەتا ئەگەر بزاندرێت کەسەکە وێنەگرتنشی پێ دروستە لەڕووی شەرعەوە دروست نییە وێنەی بگرێت مەگەر ئیزنی لێ وەربگریت، بەتایبەتی ئەگەر بزاندرێت پێی ناخۆشە وێنەی بگیرێت. (فتح ذی الجلال والاکرام) لابن عثیمین (١٥/٣٢٩).
٦ـ دانانی ئەو شتانەی دەنگ تۆمار دەکەن لە شوێنی دانیشتنەکە بۆ ئەم مەبەستە دەچێتە ژێر فەرموودەکە، بەڵکو ئەمەیان تووندترە. (فتح ذی الجلال والاکرام) لابن عثیمین (١٥/٣٢٨).
٧ـ پاداشت لە جنسی کردەوەیە، چونکە ئەوەی گوێ لە وتەی خەڵک دەگرێت مسی تواوە لەگوێی دەکرێت.
٨ـ تەواوی دادپەروەری خوای گەورە بەجۆرێک تاوانبار سزا دەدات بەپێی تاوانەکەی، ڕووکەشی فەرموودەکە وادیارە تەنها بە بەگوێگرتن لە قسەی خەڵک مسی تواوەی لەگوێی دەکرێت، ئەگەر ئەو قسانەی خەڵک کە گوێی بۆ گرتووە بڵاویش نەکاتەوە، ئەگەر بڵاوی بکاتەوە تووندترە و گەورەترە. (فتح ذی الجلال والاکرام) لابن عثیمین (١٥/٣٢٩).