پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی سیواک بکەن کاتی دەست نوێژ و پێش نوێژ؟
پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی سیواک بکەن کاتی دەست نوێژ و پێش نوێژ؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە سیواک دەڵێن:
١- سیواک کردن سوننەتێکی خەت لێکراوە نەک واجبە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، بەڵکو ھەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، چونکە ئەگەر واجب بوایا پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی دەکرد بە سیواک کردن، نەقل کراوە لە داود الظاهري و إسحاق بن راھویە کە سیواک واجبە، چونکە فەرموودە ھاتووە فەرمانی کردووە بە سیواک کردن، بەڵکو بەڕوونی دەفەرمووێت سیواک واجبە، بەڵام وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە، چونکە فەرموودەکان لاوازن، بەڵکو دەڵێن ئەوەی لە إسحاق نەقل کراوە ڕاست نییە، وە ابن حەزمیش بۆ ئەوە چووە سیواک سوننەتە. المحلی (٢/٢١٨)، المجموع (١/٢٧١)، فتح ذي جلال والإكرام (١/٢٣٧).
٢- سونەتە له کاتی دەست نوێژ سیواک بکرێت، بەڵام فەرموودەکە باسی نەکردووە پێش دەست نوێژ سیواک دەکرێ یان کاتی ئاو لەدەم وەردان، لەبەر ئەوە جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان, بۆ ئەمەش دوو وتە ھەیە:
یەکەم: ھەندێ زانا دەڵێن سوننەتە پێش دەست نوێژ سیواک بکرێت، سیواک دەکرێت پاشان دەست نوێژ دەشۆردرێت، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و شافعییە، بەڵگە:
- فەرموودەکە دەفەرمووێت: (عند کل وضوء).
- فەرموودەی ابن عباس ڕیوایەتی موسلیم باسی شەو نوێژی پێغەمبەر دەکات (ﷺ): (فاستیقظ وتسوك وتوضأ)، واتە: لەخەو ھەستا و سیواکی کرد و دەست نوێژی گرت.
دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سونەتە سیواک لەناو دەست نوێژ بکرێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، بەڵگە:
- فەرموودەکە دەفەرمووێت: (مع کل وضوء)، مع تفيد المصاحبة، والمصاحبة فيها نوع من المداخلة.
پێغەمبەر (ﷺ) ڕوونی نەکردۆتەوە شوێنی سیواک چ شوێنێکە، ئایا پێش دەست نوێژ گرتنە یان لەناو دەست نوێژ گرتن یان دوای دەست نوێژ گرتن؟
فەرموودەکە مطلقە و ڕوونی نەکردۆتەوە، بەڵام زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت ئەوەیان ھەڵبژاردووە سیواک لە کاتی ئاو لەدەم وەردان بکرێت، دەڵێن: چونکە ئەو شوێنە شوێنی خاوێن کردنی دەمە، گونجاوە لە کاتی ئاو لەدەم وەردان بکرێت.
ھەردوو وتە بەڵگەیان ھەیە، بەڵام لە ڕووی جێگیر بوون لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) وتەی یەکەم نزیکترە چونکە ڕیوایەتی مسلم ڕوون ئاشکرایە، دەتوانین بڵێین بەرفراوانی تێدایە، دەتوانی پێش دەست نوێژ یان کاتی ئاو لەدەم وەردان سیواک بکەیت.
٣- سونەتە سیواک بکرێت له کاتی دەست نوێژ گرتن و له کاتی نوێژ کردن، چونکە ڕیوایەت ھاتووە دەفەرمووێت: (عند کل الصلاة).
العینی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (توفیق چۆنە لەنێوان ڕیوایەتی: (عند کل وضوء)، ڕیوایەتی: (عند كل الصلاة)؟
دەڵێم: سیواک دەکرێت له کاتی دەست نوێژ و نوێژ، چونکە دەست نوێژ دانراوە بۆ نوێژ) عمدة القارئ (٥/٢٦٢).
حەنەفی یەکان ناڵێن سیواک سونەتە پێش نوێژ کردن بکرێت، دەڵێن:
- ئەم فەرموودەیە: (عند كل الصلاة)، واتە: (عند کل وضوء الصلاة)، سیواک کردن مەبەست پێی لە لای ھەموو دەست نوێژێکی نوێژه, نەک مەبەستی سیواک کردن بێت پێش نوێژ کردن.
- سیواک بۆ لادانی شتی بەبێز و خاوێن کردنەوەیە، ئەمەش ناکرێت لە مزگەوت دا بکرێت، چونکە هۆکارە بۆئەوەی خوێن لە پوو و دەم دەربچێت، وە لای ئەوانيش خوێن لەدەم دەرچوون دەست نوێژ دەشکێنێت.
وتەی ڕاست فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە پێویست بە (تأویل) ناکات.