پرسیار: ڕوونکردنەوەتان چییە سەبارەت بە وتەی ابن تیمیە سەبارەت بە نوێژی چێشت تەنگاو؟
وەڵام: عَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ: كَانَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) يُصَلِّي الضُّحَى أَرْبَعًا وَيَزِيدُ مَا شَاءَ اللَّهُ، رَوَاهُ مُسْلِمٌ.
واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی چێشت تەنگاو دەکرد چوار ڕەکاعەت و زیادی دەکرد خوای گەورە چەندی ویستبا.
وَلَهُ عَنْهَا أَنَّهَا سُئِلَتْ: هَلْ كَانَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) يُصَلِّي الضُّحَى قَالَتْ: لا إِلَّا أَنْ يَجِيءَ مِنْ مَغِيبِهِ.
واتە: پرسیار کراوە لە عائیشە: ئایا پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی چێشت تەنگاوی کردووە، فەرمووی: (نەخێر مەگەر لە سەفەر گەڕابوایەوە).
وَلَهُ عَنْهَا: مَا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) يُصَلِّي قَطُّ سُبْحَةَ الضُّحَى، وَإِنِّي لَأُسَبِّحُهَا.
واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوام (ﷺ) نەبینیوە نوێژی چێشت تەنگاوی کردبێت (واتە: لەسەر بەردەوام نەبووە و زۆر بە کەمی کردوویەتی)، من خۆم نوێژی چێشت تەنگاوم دەکرد).
زانایان دەڵێن نوێژی چێشت تەنگاو (ضحی) سوننەتە، چونکە:
- پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی چێشت تەنگاوی ئەنجام داوە.
- وەسیەتی بە ئەبو هورەیرە و ئەبو زەر و ئەبو دەردای کردووە، پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەگەر وەسیەتی بە کەسێک کرد بە شتێک ئەوە وەسیەت بۆ ئومەتیشە، تایبەت نییە بەوەی وەسیەتی پێی کردووە، لەسەر ئەمە نوێژی چێشت تەنگاو بە وتە و کردەوە جێگیربووە.
- هەروەها فەرموودەی ڕوون و ئاشکرا هاتوون باسی فەزلی نوێژی چێشت تەنگاو دەکات.
سەبارەت بەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەسەری بەردەوام نەبووە و بەڵکو هەندێک جار ئەنجامی داوە مانای ئەوە هەلناگرێت کە نوێژی چێشت تەنگاو سوننەت نییە، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەندێک شت ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە شتەکە دروستە، وە هەندێک جار تەرکی دەکات بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە واجب نییە، هەروها هەندێک شت هەندێک جار تەرکی کردووە کەچی پێی خۆشە ئەنجامی بدات، بەڵام لەبەر ئەوە تەرکی کردووە بۆ ئەوەی نەبێتە بار گرانی بەسەر ئوممەتەوە، هەروەک عائیشە خۆی دەفەرمووێت: (ئەگەر چی پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەرکی دەکرد بەڵام پێی خۆش بوو ئەنجامی بدات، لەبەر ئەوە تەرکی دەکرد لەترسی ئەوەی خەڵک کردەوەی پێ بکەن و لەسەریان واجب بێت). أخرجە البخاري (١١٢٨) (١١٧٧).
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون هەر کەسێک عادەتی وابێت شەو نوێژ بکات ئەوە سونەت نییە نوێژی چێشت تەنگاو ئەنجام بدات، هەر کەسێکیش عادەتی وابێت شەو نوێژ ئەنجام نەدات ئەوە بۆی سوننەتە نوێژی چێشت تەنگاو ئەنجام بدات، کە ئەمە وتەی ابن تیمیەیە. (الفتاوی) (٢٢/٢٨٤).
هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سوننەت نییە مەگەر کەسێک لەسەفەر بگەڕێتەوە، هەروەها چەند وتەی تر هەن ابن القیم باسیکردووە دەگەن بە شەش وتە. (زاد المعاد) (١/٣٥٢).
وتەی ڕاست نوێژی چێشت تەنگاو سوننەتێکی جەخت لێکراوە، باشتریش وایە مرۆڤ لەسەری بەردەوام بێت، لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (خۆشەویستترین کردەوە لای خوای گەورە ئەوەیە کە بەندە لەسەری بەردەوام بێت ئەگەر کەمیش بێت). أخرجە البخاري (٥٩٨٣)، ومسلم (١٩٥٨).
سێ فەرموودەی هاتوون سەبارەت بە نوێژی چێشت تەنگاو:
یەکەم: نوێژی چێشت تەنگاو جێگیر دەکات.
دووەم: نوێژی چێشت تەنگاو جێگیر دەکات لە کاتی هاتنەوە لە سەفەر نەک کاتی تر.
سێیەم: نەفی بینینی ئەنجام دانی نوێژی چێشت تەنگاو دەکات.
هەندێک زانا (ترجیح) هەلدەبژێرن، ئەو فەرموودانە هەلدەبژێرن کە نوێژی چێشت تەنگاو (إثبات) جێگیر دەکەن، چونکە ئەوەی (مثبت)ە پێش نەفی دەخرێت، (المثبت مقدم علی النافي)، کە ئەمە وتەی ابن جریر الطبري و ابن خزیمەیە. صحیح ابن خزیمة (٢/٢٣٢).
هەندێک زانای تر فەرموودەی نەفی هەلدەبژێرن و فەرموودەی تر بە (منکر) وەسف دەکەن، کە ئەمە وتەی وتەی ابن عبد البرە. (التمهید) (٨/١٣٨-١٤٥).
هەندێک زانای تریش (جمع) لەنێوان بەڵگەکان هەلدەبژێرن، ئەوەی نەفی دەکات مەبەست پێی ئەوەیە لەسەری بەردەوام نەبووە.