پرسیار: کەسێک زۆربەی لاشەی سووتاوە یان نەخۆشێک بێ ئومێد کراوە لە ژیان و دکتۆر ماوەیەکی کەمی بۆ داناوە، ئایا تەوبەی قبولە یان حسابی سەرەمەرگی بۆ دەکرێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن تەوبە ئەوکاتە قبول نابێت کاتی ڕوح کێشان دوای (غرغرة)، (غرغرة)ش گەیشتنی ڕوحە بە گەروو، بەڵگە:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَيْسَتِ التَّوْبَةُ لِلَّذِينَ يَعْمَلُونَ السَّيِّئَاتِ حَتَّى إِذَا حَضَرَ أَحَدَهُمُ المَوْتُ قَالَ إِنِّي تُبْتُ الآَنَ وَلَا الَّذِينَ يَمُوتُونَ وَهُمْ كُفَّارٌ أُولَئِكَ أَعْتَدْنَا لَهُمْ عَذَابًا أَلِيمًا) {النساء:١٨}.
٢ـ عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: قال رسول الله (ﷺ): (إن الله عز وجل يقبل توبة العبد ما لم يغرغر). أخرجه أحمد (٢/ ١٣٢ـ١٥٣) والترمذي (٣٥٣٧) وحسنه، وحسنه أيضا الألباني في صحيح الترغيب (٣/٣١٨) (٣٤١٣).
واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (خوای گەورە تەوبەی بەندە قبول دەکات تا ڕوح نەگەیشتبێتە گەروو).
کاتی (غرغرة) تەوبەی بەندە قبول نییە چونکە بەندە فریشتە دەبینێت، دەگات بە یەقین کە دەمرێت و هیچ ویستی گەڕانەوەی نییە، تەوبە دوای یەقین بۆ مردن قبول نابێت.
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کەسێک نقووم بووبێت یان سووتا بێت یان خانوو بەسەریدا ڕوخا بێت و بێ ئومێد بووبێت لە ژیان تەوبەی قبول نییە، کە ئەمە وتەی ابن کثیر و قرطبی و مناوی یە، چونکە:
١ـ تەوبە بۆ ئەو کەسە هەیە کە ئومێدی ژیانی هەیە.
٢ـ فیرعەون کاتێک نقووم بوو تەوبەی کرد لێی قبول نەکرا.
وتەی ڕاست ئەوەی نقوم بووە یان بێ ئومێد کراوە یان سووتاوە یان کەسێک چەکی لەسەر سەری داناوە دەیەوێت بیکوژێت تەوبەی قبولە، چونکە:
١ـ بێ ئومێد بوونەکەی گومانی تێدایە و یەقین نییە وەک سەرەمەرگ و بینینی فریشتەی ڕوح کێشان.
٢ـ واجبە لەسەر بەندە تەوبە بکات و تەوبە قبول تا سەرەمەرگ، تەمەنیش بەدەست خوایە نەک بەندە نییە.
سەبارەت بە فیرعەون خوای گەورە سزای بۆ نارد و سزای بە چاوی خۆی بینی، تەوبە کردن دوای هاتنی سزا و بینینی قبول نییە، سەبارەت بە قەومی یونس (علیە السلام) تەوبەیان کرد پێش ئەوەی سزا ببینن، بۆیە تەوبەیان قبول کرا.