سەردێری پرسیار:ئەگەر کەسێ نوێژی ئەنجام دابێ بە تەنیا، لە هەمان کاتدا ئەتوانێ پێشنوێژی بۆ کەسی تر بکاتەوە؟

بەرواری دانان :2023-08-13 کۆدی پرسیار:3040

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر کەسێ نوێژی ئەنجام دابێ بە تەنیا، لە هەمان کاتدا ئەتوانێ پێشنوێژی بۆ کەسی تر بکاتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: لەم حاڵەتە بابەتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دروستە ئەوەی پێش نوێژی دەکات نوێژەکەی سوننەت بێت و هی ئەوانەی بەدوایەوە نوێژ دەکەن واجب بێت، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە نوێژ بەدوای ئیمامەوە بکەیت نوێژی ئیمام سوننەت بێت و هی مأموم واجب بێت، کە ئەمە وتەی طاوس و ئەوزاعی و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن قدامە و ابن تیمیەیە، چونکە:

١- معاذ خوا لێی ڕازی بێت نوێژی لەگەڵ پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەنجام داوە و پاشان گەڕاوەتەوە لای قەومەکەی پێش نوێژی بۆیان کردووە، پێغەمبەری خواش ئاگادار بوو، لەبەر ئەوەی کاتی وەحی بوو، ئەگەر شتێکی هەڵە بوایا خوای گەورە ئاگاداری دەکردەوە.

٢- پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی ترسی بە دوو دەستە کردووە، بۆ هەر دەستەیەک دوو ڕەکاعەت، بەڵگەیە دوو ڕەکاعەتی یەکەم بۆی واجب بووە و ئەوەی تری سوننەت بووە.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و مالک و وتەی بەناوبانگی ئەحمەدە، چونکە:

١- نەهی کراوە پێچەوانەی ئیمام بکەیت، ئەم نەهی یە کردەوەی ڕووکەش و نییەت دەگرێتەوە.

٢- چیڕۆکی معاذ ڕوون و ئاشکرا نییە، لەوانەیە ئەو نوێژەی لەگەڵ پێغەمبەری خوا ئەنجام دابێت واجب بێت، لەوانەشە سوننەت بێت. (شرح معاني الآثار) (١/٤٠٨).

وتەی ڕاست ئەوەیە دروستە شوێن ئیمام بکەویت و نوێژی واجبی بەدوایەوە بکەیت نوێژی ئیمام سوننەت بێت، چونکە:

- فەرموودەی معاذ ڕوون ئاشکرایە، چۆن دەکرێت معاذ کە کەسێکی زانا و شارەزا بووە نوێژی سوننەت بەدوای پێغەمبەرەوە بکات کە لە مەدینە بووە و خێری زیاتر بووە؟!

- ڕیوایەت هاتووە دەفەرمووێت: (وهي لە تطوع، ولهم مکتوبة العشاء). أخرجە الشافعي (١/١٤٣ ترتیب مسندە)، والدارقطني (٢/١٣)، والبیهقي (٣/٨٦) وهي زیادة صحیحة کما ذکرە الحافظ في (فتح الباري) (٢/١٩٥-١٩٦).

- سەبارەت بە نەهی کردن لە پێچەوانەی ئیمام کردن فەرموودەکە باسی کردەوەی ڕووکەشە نەک نییەت، چونکە تەواوکەری فەرموودەکە تەنها باسی کردەوەی ڕووکەشی کردووە. (المغني) لابن قدامة (٣/٦٧)، (المجموع) للنووي (٤/١٥٢)، (الفتاوی) لابن تیمیة (٢٣/٣٨٩).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام