پرسیار: بۆچی کوێری بە عوزر حساب ناکرێت بۆ نوێژی جەماعەت؟
وەڵام: عن أبي هريرة رضي الله قَالَ: أَتَى النَّبِيَّ (ﷺ) رَجُلٌ أَعْمَى فَقَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ إِنَّهُ لَيْسَ لِي قَائِدٌ يَقُودُنِي إِلَى الْمَسْجِدِ، فَرَخَّصَ لَهُ، فَلَمَّا وَلَّى دَعَاهُ فَقَالَ: (هَلْ تَسْمَعُ النِّدَاءَ بِالصَّلاةِ؟) قَالَ: نَعَمْ، قَالَ: (فَأَجِبْ). رواە مسلم (٦٥٣)
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پیاوێکی کوێر هاتە لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: ئەی نێردراوی خوا من کەسم نییە دەستم بگرێت بۆ مزگەوت، پێغەمبەری خوا ڕوخسەتی دا، کاتێک پیاوەکە ڕۆیشت بانگی کرد فەرمووی: (ئایا گوێت لە بانگ دەبێت؟)، وتی: بەڵێ، فەرمووی: (وەڵامی بانگ بدەرەوە و وەرە بۆ نوێژی جەماعەت).
فەرموودەکە بەڵگەیە نوێژی جەماعەت لەسەر کوێر لاناچێت، لەبەر وتەی: (فأجب)، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کوێری نابێتە عوزر بۆ دواکەوتن لە نوێژی جەماعەت ئەگەر کەسێکی دەست کەوت بهێنێتە مزگەوت ئەگەر بەکرێش بێت، ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە کوێری عوزرە بۆ نوێژی جەماعەت ئەگەر چی کەسێکیش هەبێت بیبات بۆ مزگەوت، چونکە عیبرەت بە توانینی کەسانی تر نییە، دەبێت کەسەکە خۆی بتوانێت بەتەنیا بڕوات بۆ مزگەوت. (جواهر الأکلیل) (١/٩٩)، (تحفة المحتاج) (٢/٢٧٧)، (شرح فتح القدیر) (١/٣٤٥)، (شرح المنتهی) للبهوتي (١/٥٨٩).
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون کوێر دوو جۆری هەیە:
١ـ هەیە زیرەکە و شوێنەکان دەناسێتەوە و دەتوانێت بە تەنیا بڕوات بۆ مزگەوت، ئەمەیان عوزری نییە بۆ نەهاتنە نوێژی جەماعەت، عبد اللە بن ام مکتوم لە کوێرە زیرەکەکان بوو، هەر بۆیە پێغەمبەری خوا کردوویەتی بەجێ نشینی خۆی لە مەدینە پێش نوێژی دەکرد.
٢ـ هەیە زیرەک نییە و شوێنەکان ناناسێتەوە و ناتوانێت بە تەنیا بڕوات بۆ مزگەوت، ئەمەیان عوزری هەیە بۆ نەهاتنە نوێژی جەماعەت.