سەردێری پرسیار: کەسێک هەندێک جار پێش ئیمام دەکەوێت و هەندێک جاریش دوادەکەوێت، ئایا نوێژی دروستە؟

بەرواری دانان :2023-08-17 کۆدی پرسیار:3049

پرسیار:

پرسیار: کەسێک هەندێک جار پێش ئیمام دەکەوێت و هەندێک جاریش دوادەکەوێت، ئایا نوێژی دروستە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئیمام بۆ ئەوە دانراوە تا شوێنی بکەویت، بەڵگه:

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (إِنَّمَا جُعِلَ الإِمَامُ لِيُؤْتَمَّ بِهِ، فَإِذَا كَبَّرَ فَكَبِّرُوا، وَلا تُكَبِّرُوا حَتَّى يُكَبِّرَ، وَإِذَا رَكَعَ فَارْكَعُوا، وَلا تَرْكَعُوا حَتَّى يَرْكَعَ وَإِذَا قَالَ: سَمِعَ اللَّهُ لِمَنْ حَمِدَهُ فَقُولُوا: اللَّهُمَّ رَبَّنَا لَكَ الْحَمْدُ وَإِذَا سَجَدَ فَاسْجُدُوا، وَلا تَسْجُدُوا حَتَّى يَسْجُدَ، وَإِذَا صَلَّى قَائِمًا فَصَلُّوا قِيَامًا، وَإِذَا صَلَّى قَاعِدًا فَصَلُّوا قُعُودًا أَجْمَعِينَ) رَوَاهُ أَبُو دَاوُدَ (٦٠٣) وَهَذَا لَفْظُهُ، وَأَصْلُهُ فِي الصَّحِيحَيْنِ.

واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: ئیمام بۆ ئەوە دانراوە تا شوێنی بکەون، ئەگەر تەکبیرەی کرد ئێوەش تەکبیرە بکەن، تەکبیرە مەڵێن تا ئەو تەکبیرە دەڵێت، ئەگەر ڕکوعی برد ئێوەش ڕکوع ببەن، ڕکوع مەبەن تا ئەو ڕکوع دەبات، ئەگەر وتی: (سمع اللە لمن حمدە)، ئێوەش بڵێن: (اللهم ربنا ولك الحمد)، ئەگەر سوجدەی برد ئێوەش سوجدە ببەن، سوجدە مەبەن تا ئەو سوجدە دەبات، ئەگەر نوێژی کرد بە پێوە ئێوەش نوێژ بکەن بە پێوە، ئەگەر نوێژی کرد بە دانیشتنەوە، ئێوەش نوێژ بکەن بە دانیشتنەوە).

پێچەوانەی ئیمام کردن بەم سێ شتانەیە پێش کەوتن و پاشکەوتن و لەگەڵ ئیمام ڕۆیشتن، زانایان دەلێن مأموم کاتێک لەگەل ئیمام نوێژ دەکات لەم چوار حالەتانە زیاتر تێپەڕ نابێت:

یەکەم: (سبق): واتە: پێش کەوتن.

دووەم: (تخلف): واتە: دوا کەوتن.

سێیەم: (موافقة): واتە: لە گەل ئیمام ڕۆیشتن.

چوارەم: (متابعة): واتە: شوێن ئیمام کەوتن.

یەکەم: (سبق): واتە: پێش کەوتن: ئەگەر پێش ئیمام بکەویت لە ڕوکنێک لە ڕوکنەکانی نوێژ، وەک ئەوەی رکوع ببەیت پێش ئیمام یان سوجدە ببەیت پێش ئیمام زانایان دەلێن حەڕامە بە یەک دەنگی هەموو زانایان و بەلکو تاوانێکە لە تاوانە گەورەکان، سەبارەت بە نوێژی ئایا بەتالە یان دروستە، زانایان دەلێن:

- ئەگەر مأموم پێش ئیمام بکەوێت بزانێت حەڕامە و لە بیری نەکردبێت نوێژی بەتالە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.

- ئەگەر مأموم پێش ئیمام بکەوێت بەلام نەزانێت یان لەبیری کردبێت نوێژی دروستە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان تا فێردەبێت یان بەبیری دێتەوە، ئیمام ئەحمەد بۆ ئەوە چووە نوێژی بەتالە ئەگەرچی نەزانیش بێت یان لەبیریشی کردبێت.

دووەم: (تخلف): واتە: دوا کەوتن: ئەمەشیان دوو جۆری هەیە:

أ- (التخلف لغیر عذر): دواکەوتن بێ عوزر زانایان دەلێن دوو جۆرە: - (التخلف بالرکن): واتە: ئیمام پێش تۆ دەکەوێت بۆ ڕوکن، نموونە: ئیمام رکوع دەبات و هەلدەستێتەوە لە ڕکوع هێشتا تۆ ڕکوعت نەبردووە، زانایان دەلێن لەم حالەتە نوێژی بەتالە.

- (التخلف فی الرکن): واتە: دوا دەکەویت لە شوێنکەوتنی ئیمام، بەلام دەگەیت بە ئیمام لە ڕوکنی دواتر، نموونە: ئیمام ڕکوع دەبات هێشتا تۆ یەک دوو ئایەتت ماوە بخوێنیتەوە لە نوێژی سڕی کەمێک ڕادەوەستیت پاشان ڕکوع دەبەیت و دەگەیت بە ئیمام، لەم حالەتە نوێژی دروستە بەڵام پێچەوانەی سونەتی کردووە چونکە دواکەتووە، پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (واذا ركع فاركعوا)، واتە: ئەگەر ڕکوعی برد ئیمام ئێوەش ڕکوع ببەن.

ب- (التخلف لعذر): واتە: دواکەوتن ئەگەر عوزری هەبێت، لەم حالەتە نوێژی بەتال نییە، نموونە: چەند کەسانێک نوێژی جومعە دەکەن لەگەل ئیمام کارەبا کوژایەوە ئیمام چووە رکوع و سوجدە و هەستا بۆ فاتیحە ئینجا دەستی بە قورئان خوێندن کرد لەو کاتە زانیان کە ئیمام ڕەکاعەتێکی تەواو کردووە، زانایان دەلێن دەبێت نوێژ تەواو بکەیت ئیمام ڕەکاعەتی دووەم دەکات بۆ تۆ هی یەکەمە کاتێک ئیمام سەلام دەداتەوە دەبێت هەل بستیت بۆ تەواو کردنی نوێژ.

نموونە: ئیمام چوو بۆ ڕکوع تۆ نەتزانی هەتا ئیمام وتی: (سمع اللە لمن حمدە) ئینجا زانیت، لەم حالەتە زانایان دەلێن بچۆ بۆ ڕکوع و شوێن ئیمام بکەوە تۆ گەیشتیت بە ڕەکاعەت چونکە عوزرت هەبووە.

سێیەم: (موافقة): واتە: لە گەل ئیمام ڕۆیشتن: ئەمەش دوو جۆرە: أ- (موافقة في الاقوال): واتە: لەگەل ئیمام ڕۆیشتن لە وتەکاندا، لەم حالەتە نوێژی دروستە مەگەر کاتی (اللە ٲکبر)ی ئیحرام و سەلام دانەوەی یەکەم لە نوێژ نەبێت، لەم دوو حالەتە لەگەل ئیمام بلێیت زانایان دەلێن نوێژ بەتالە.

ب- (الموافقة في الافعال): لەگەل ئیمام ڕۆیشتن لە کردەوەدا، زانایان دەلێن باش نییە و نوێژیشی دروستە.

سێیەم: (متابعة): واتە: شوێن ئیمام کەوتن: ئەمەیان داواکراوە نە پێش ئیمام بکەویت نەک زۆر دوا بکەویت و نە لەگەڵی دابیت. (شرح الممتع) لابن عثیمین (٤/٢٧٥)، (فتح ذي الجلال والإکرام) (٤/٢٧٣-٢٧٦).

چوارەم: (متابعە): واتە: شوێنکەوتن: نە پێش دەکەویت و نە پاش دەکەویت و نە لەگەل ئیمام دەڕۆیت.

فەرموودەکە بەڵگەیە لە تەواوی شوێن کەوتنی ئیمام ئەوەیە یەکسەر شوێن ئیمام بکەویت بێ تاخیربوون، چونکە پیتی (الفاء) دەلالەت لەسەر تەرتیب وپەلە کردن لە شوێن کەوتن دەکات، ئەویش ئەوەیە نوێژخوێن نابێت بڕوات بۆ ڕوکنێک تا ئیمام دەگات بەو ڕوکنە، هەروەک فەرموودەی (البراء بن عازب) هاتووە دەفەرمووێت: (ئێمە نوێژمان دەکرد بەدوای پێغەمبەری خواوە (ﷺ) کاتێک دەیفەرموو: (سمع اللە لمن حمدە)، کەس لە ئێمە پشتی خۆی شۆڕ نەدەکردەوە بۆ سوجدە تا پێغەمبەری خوا (ﷺ) نێوچاوانی لەسەر زەوی دادەنا). أخرجە البخاري (٨١١)، ومسلم (٤٨٤) وهذا لفظ البخاري.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام