پرسیار: حوکمی ئەوانەی نوێژ دەکەن لە دەرەوەی مزگەوت لەبەر قەلەبالغی؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە نوێژ خوێنان ئەگەر ئیمام نەبینن شوێن ڕیزی یەکەمی نوێژ بکەون، لەسەر ئەمە ئەگەر نوێژخوێنان زۆر بوون و ڕیزەکان زۆر بوون مەرج نییە نوێژ خوێنن ئیمام ببینێت لەناو نوێژ، بەڵکو بیستنی دەنگی ئیمام بەسە بۆی بۆ شوێن کەوتنی، هەروەها ئەگەر ئیمام لەناو مزگەوت بێت و خەڵکانێک لە نهۆمی دووەم بن یان حەوشەی مزگەوت بن هەمان شتە، نوێژیان دروستە بێ ئەوەی جیاوازی هەبێت، ئەمەیان ئەگەر ڕیزەکان بەیەکەوە بن. (الفتاوی لابن تیمیة) (٢٣/٤٠٧).
سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕیزەکان ناوبڕ کەوتبێتە نێوانیان و ڕیزەکان پێکەوە نەبن، وەک ئەوەی ڕێگایەک لەنێوان ڕیزەکان هەبێت یان بەربەست، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نوێژ دروست نییە، لەبەر جیاوازی شوێنەکان و دەبێتە ڕێگر لە شوێن ئیمام کەوتن، هەروەها مەبەست لە جەماعەت کۆبوونەوە و یەک بوونە لە شوێن و کردەوەکان، کە ئەمە وتەی حەنابلە و ابن تیمیة و ابن عثیمینە،
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژ دروستە، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی یە، بەڵام شافعی یەکان بۆ ئەوە چوون دەبێت ئیمام ببینن یان هەندێک نوێژخوێنان ببینن، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، مالکی یەکان دەڵێن دەبێت ببینن یان ببیستن، چونکە مەبەستی داواکراو شوێن کەوتنە، ئەگەر ئەمە هاتەدی ئەگەر بەربەستیش یان ناوبڕیش هەبێت کێشە نییە، چونکە مەبەستەکە هاتۆتەدی، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن قدامە و سعدی و ابن بازە، کە ئەمە وتەی ڕاستە، واللە أعلم. (المغني) لابن قدامة (٣/٤٦)، المختارات الجلیة) لاپەڕە (٤٥)، (فتاوی ابن باز) (١٢/٢١٢-٢١٥).