پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی ئادابەکانی قورئان خوێندنەوە بکەن؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە ئادابەکانی قورئان خوێندنەوە دەڵێن:
١ـ واجبە لەسەر قورئان خوێن بە ئیخلاسی بخوێنێتەوە، نییەتی پاک بێت و تەنها مەبەستی خوا بێت.
٢ـ هەست بە گەورەیی قورئان بکات و هەست بەوە بکات کە باشترین کەلام دەخوێنێتەوە، هەروەها هەست بەوە بکات کە خوای گەورە دەیبینێت.
٣ـ دەم پاککردنەوە پێش قورئان خوێندنەوە، جا پاککردنەوە بەهۆی سیواکەوە بێت یان فلچە و معجون یان هەر شتێکی تر.
٤ـ هەموو زانایان یەک دەنگن باشتر وایە بە دەست نوێژەوە قورئان بخوێنیتەوە.
٥ـ سوننەت وایە خوێندنەوە لە شوێنێکی پاک بێت، بۆیە هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سوننەتە لە مزگەوت بخوێندرێتەوە، لەبەر ئەوەی باشترین شوێن و پاکترینە، سەبارەت بە حەمام زانایان دەڵێن مەکروهە.
٦ـ سوننەت وایە قورئان خوێن ڕوو لە قیبلە بکات کاتی قورئان خوێندنەوە.
٧ـ پێش قورئان خوێندنەوە سوننەتە (إستعاذة) بخوێنێت، زانایان دەڵێن ئەوەی فەرموودەی (صحیح) لەسەری هەبێت (إستعاذة) چەند شێوازێکن، لەوانە:
- أعوذ باللە من الشیطان الرجیم.
- أعوذ باللە السمیع العلیم من الشیطان الرجیم.
- أعوذ باللە السمیع العلیم، من الشیطان الرجیم، من همزە ونفخە ونفثە.
- اللهم إني أعوذ بك من الشیطان الرجیم، من همزە ونفخە ونفثە.
- أعوذ باللە من الشیطان الرجیم، إن اللە هو السمیع العلیم.
٨ـ ووردبوونەوە لە ئایەتەکان و بیری لێ کردنەوە و کردەوەی پێ بکردن، چونکە ئەمە مەبەستی سەرەکی قورئان خوێندنەوەیە، (تدبر): بیرکردنەوە و وورد بوونەوەیە لە شتێک بە قولی، (تدبر) لە قورئان سێ ڕووی هەیە:
یەکەم: (تدبر) لە دەقەکان بە زۆر خوێندنەوە و جوان خوێندنەوە و لەبەرکردن.
دووەم: (تدبر) لە ماناکەی، تێگەیشتن و لێ ووردبوونەوە و سوود دەرهێنان و پەند و ئامۆژگاری لێ وەرگرتن.
سێیەم: جێ بەجێکردنی ئەحکامەکان و کردەوە پێکردنیان.
ووردبوونەوە لە قورئان و سوود دەرهێنان بێ کردەوە پێکردن، هیچ سوودی بۆ خاوەنەکەی نییە، بەڵکو دەبێتە حوجە لەسەر خاوەنەکەی.
٩ـ گریانی لە کاتی قورئان خوێندنەوە کە ئەمە نیشانەی ئیمان و تەقوایە و دروشمی پیاوچاکانە.
١٠ـ خوێندنەوەی قورئان بە هێمنی و لەسەرخۆیی و پەلە نەکردن، چونکە نزیکترە بۆ ڕێز و کاریگەریەکەی لەسەر دڵ.
١١ـ ڕێزی قورئان گرتن بە خۆ بەدوور گرتن لە پێکەنین و گاڵتە کردن، خۆ بێ دەنگ کردن کاتی خوێندنەوەی قورئان و گوێگرتن مەگەر قسەکردنەکە زۆر پێویست بێت.
١٢ـ سوننەتە کاتێک دەگەیت بە ئایەتێک باسی سزا کرابێت پەنا بگریت بەخوا لە شەڕ و سزا، کاتێک دەگەیت بە ئایەتی ڕەحمەت داوای ڕەحمەت لەخوا بکەیت.
١٣ـ خوێندنەوەی قورئان لەسەر قورئان باشترە بە لەبەر خوێندنەوە، چونکە سەیرکردنی قورئان و خوێندنەوە پێکەوە تێدا کۆبۆتەوە.
١٤ـ نابێت دەنگ ناسک بکرێتەوە وەک دەنگی ناسکی ئافرەتان.
١٥ـ خۆ گرتنەوە لە خوێندنەوەی قورئان لەکاتی باوێشک تا تەواو دەبێت.
١٦ـ دانەبڕان لە قورئان خوێندنەوە بە قسەکردن لەگەڵ خەڵک مەگەر پێویست بێت.