پرسیار: وتەی ئیمام مالک تا چەند ڕاستە کاتێک دەفەرمووێت: (نابێ نوێژ بەدوای ئیمامێکەوە نوێژ بکەیت ئەگەر پێش نوێژی کرد بە دانیشتنەوە)؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئیمام ئەگەر نوێژ بکات بە دانیشتنەوە و عوزری هەبێت، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا دروستە نوێژ بکەیت لە دوای ئیمامێک کە بەدانیشتنەوە نوێژ دەکات کە عوزریشی هەیە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە نوێژ بە دوای ئیمام بکەیت ئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژ بکات، بەلگە:
ـ لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت سەبارەت بە چیڕۆکی پێغەمبەری خوا (ﷺ) کاتێک نەخۆش بوو نوێژی بۆ خەڵک دەکرد فەرمووی: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) هات تا لەلای چەپی ئەبو بەکر دانیشت، پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی بۆ خەڵک دەکرد بە دانیشتنەوە و ئەبو بەکریش بە پێوەی نوێژی دەکرد و شوێن نوێژی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەکەوت، خەڵکیش شوێن نوێژی ئەبو بەکر دەکەوتن).
- وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (وَإِذَا صَلَّى قَائِمًا فَصَلُّوا قِيَامًا وَإِذَا صَلَّى قَاعِدًا فَصَلُّوا قُعُودًا أَجْمَعِينَ).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە نوێژ بەدوای کەسێک بکەیت بە دانیشتنەوە نوێژ بکات، کە ئەمە وتەی ئیمام مالکە، بەلگە:
- روی عن الشعبي أن النبي (ﷺ) قال: (لایؤمن أحد بعدي جالسا). ٲخرجە الدارقطني (۱/٣٩٨)، والبیهقی (۳/ ٨۰)، واتە: (کەس با پێش نوێژی نەکات بۆ خەلک دوای من بە دانیشتنەوە).
وتەی ڕاست دروستە نوێژ بە دوای ئیمام بکەیت ئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژ بکات، نوێژی ئیمام و خەلک دروستە بەڵام باشتر وایە ئیمام کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت، هەروەها فەرموودەی شعبی دەلێن لاوازە.
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئیمام شافعی و هاوەڵان دەلێن: سونەتە بۆ ئیمام ئەوەی ناتوانێت بە ڕاوەستانەوە نوێژ بۆ خەلک بکات کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت بتوانێت بە ڕاوەستانەوە نوێژ بۆ خەلک بکات، هەروەک چۆن پێغەمبەر (ﷺ) کەسێکی لە جێگای خۆی دانا، چونکە لەمە لە جیاوازی نێوان زانایان دەردەچیت کە هەندێک ڕێگری لەوە دەکەن، چونکە نوێژ بە وەستانەوە تەواوترە بۆ شێوەی نوێژ). المجموع (٤/١٦٢).
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سونەت ئیمام کاتێک نەخۆش دەبێت یان ناتوانێت بە پێوە بوەستێت کەسێک لە جێگای خۆی دابنێت، چونکە جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت دروستی ئیمامەتی ئەو کەسە، وە لە جیاوازی نێوان زانایانیش ڕزگار دەبێت، چونکە نوێژ ئەو کەسەی بە پێوە دەکات تەواوترە ، سونەتە ئیمام نوێژی تەواو تر بێت). المغنی (٢/٢٨).