پرسیار: ئیمام چۆن نوێژ خەفیف بکات و لە چ کاتێک خەفیف بکات؟ ئایا هەموو نوێژەکان خەفیف دەکات؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە پێوەرەکانی نوێژ خەفیف کردن، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون خەفیف کردن هیچ پێوەرێکی دیاریکراوی نییە، چونکە خەفیف کردن شتێکی ڕێژەییە نە لە زمانەوانی و نە لە عورف سنوری بۆی نییە، چونکە بە پێی ئیمام و مأمومەکان دەگۆڕێت و لێک جیاوازن، حالەت هەیە خەفیف کردن گونجاوە و حالەتیش هەیە درێژکردن گونجاوە، لەسەر ئەمە دەگەڕێیتەوە سەر سوننەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) کە زۆربەی جار نوێژی خەفیف کردووە، زیادی کردووە و کەمی کردووە لەبەر مەسلەحەت، ئەنەس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (نوێژم بەدوای هیچ ئیمامێکەوە نەکردووە نوێژی خەفیف تر و تەواوتر بێت لە نوێژی پێغەمبەری خوا (ﷺ)). أخرجە البخاري (٧٠٨)، ومسلم (٤٧٣).
لەسەر ئەمە هەر کەسێک نوێژ بکات وەک نوێژی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەوەی نوێژی خەفیف کردووە ئەگەرچی لەسەر خەڵک گرانیش بێت، ئەوەی زیاتر بکات لەسەر کردەوەی ئەوە نوێژی درێژ کردووە.
هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون سنوری کورت کردن بۆ فەرموودەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەگەڕێتەوە کاتێک بە (عثمان بن أبي العاص)ی فەرموو: (أنت إمامهم، واقتد بأضعفهم ...)، پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕەچاوی حاڵی نوێژخوێنە لاوازەکانی کردووە، وەک ئەوە وایە بڵێت: چۆن لاوازەکانی شوێن نوێژت دەکەون تۆش ڕەچاوی لاوازییان بکە و نوێژ خەفیف بکە، کە ئەمە وتەی ابن حزم و ابن حجرە و وتەی ڕاستی زانایانە. (المحلی) لابن حزم (٤/٩٩)، (فتح الباري) لابن حجر (٢/١٩٩).
بەڵام ئیمام دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:
یەکەم: ئەو نوێژ خەفیف کردنەوەی شەرع فەرمانی پێکردووە نابێت بگاتە ئەو حالەتە کەم و کوڕی لە نوێژەکەدا دروست بکات، نابیت کەم و کوڕی بکەوێتە ڕوکن و واجب و سوننەتەکانەوە، یان بەجۆرێک خێرا بێت نوێژ لەسەر خەڵک گران بێت، بەتایبەتی لەسەر بەتەمەنەکان لە کاتی ڕکوع و سوجدە.
دووەم: نوێژەکان هەموویان وەک یەک نین بۆ خەفیف کردن لە قورئان خوێندنەوە و ڕکوع و سوجدە و کردەوەکانی تری نوێژ، چونکە نوێژ هەیە ڕێگەپێدراوە درێژ بکرێت وەک نوێژی بەیانی، وە نوێژیش هەیە کورت دەکرێت، ئیمامی موفق ئەوەیە شتەکان لە جێگای خۆی ئەنجام بدات، ئەویش ئەوەیە هەندێک جار نوێژ درێژ دەکات ناگاتە ئەو سنورەی خەڵک دوور کەوێتەوە، وە هەندێک کورتیش دەکات نابێتە هۆی دروست بوونی کەم و کوڕی لە نوێژدا، وە زۆربەی جار لایەنی خەفیف کردن هەلدەبژێرێ بەسەر درێژ کردندا.
سێیەم: دەبێت ئیمام حسابی حالەتی لەناکاو بکات و نوێژ خەفیف بکات تێیدا، نموونە: گەرمایەکی تووند یان ساردیەکی زۆر، هەروەک چۆن پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی خەفیف کردووە لەبەر گریانی مناڵ.
چوارەم: ئەگەر ئەو جەماعەتەی دێنە مزگەوت درێژ کردنیان هەلبژارد و کەسی پیر و لاوازیان لەناو نەبوو، ئەوەی هیچی تێدانییە ئەگەر درێژ بکات، چونکە عیلەتی خەفیف کردن لاچووە.
پێنجەم: دەبێت ئیمام لایەنی نەرم و نیانی و سۆز و بەزەیی بەرامبەر نوێژخوێنەکان هەلبژێرێت، خەڵک کۆ بکاتەوە لەسەر خۆشویستی و لێک ڕازی بوون و نەمانی ناکۆکی، چونکە ناکۆکیان دەبێتە هۆی مەفسەدەتێکی گەورە.