سەردێری پرسیار: حوکمی ئەو کەسانە چییە کە هەندێک قورئانیان لەبەرە و پێش نوێژی دەکەن و لە ئەحکامەکانی نوێژیش شارەزا نین؟

بەرواری دانان :2023-08-23 کۆدی پرسیار:3063

پرسیار:

پرسیار: حوکمی ئەو کەسانە چییە کە هەندێک قورئانیان لەبەرە و پێش نوێژی دەکەن و لە ئەحکامەکانی نوێژیش شارەزا نین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن لەپێشترین کەس بۆ پێش نوێژی کردن ئەوەیە کە زۆرترین قورئانی لەبەر بێت، بەڵام لەگەل ئەمەش دەبێت شارەزا بێت بە ئەحکامەکانی نوێژ، نابێت کەسێکی نەزان بێت.

ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (شاراوە نییە ئەوەی پێش نوێژی دەکات دەبێت کەسێکی شارەزا بێت بە نوێژ، ئەگەر کەسێکی جاهل بێت پێش ناخرێت بە یەک دەنگی زانایان، هۆکارەکەی ئەوەیە خەڵکی ئەو سەردەمە مانای قورئانیان دەزانی، چونکە ئەهلی زمان بوون، بۆیە ئەوەی زۆرترین قورئانی لەبەر بووە شارەزاتر و تێگەیشتووتر بووە لە زۆر لە فەقیهەکانی دوای خۆیان). (فتح الباري) (٢/١٧١).

ئەمەیان سەبارەت بەو کەسانەی دوای هاوەڵان، سەبارەت بە هاوەڵان خوا لێیان ڕازی بێت لەبەرکردن و زانستیان پێکەوە بوو، بۆیە ابن مسعود دەفەرمووێت: (ئێمە لە (١٠) ئایەتی قورئانی تێنەدەپەڕین تا فەرمان و نەهی و ئەحکامەکانی ئەو ئایەتانەمان دەزانی)، بۆیە فەرموودەی هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (هەر کەسێک زانستی بوێت با قورئان بخوێنێتەوە، چونکە زانستی پێشینەکان و پاشینەکانی تێدایە). رواە ابن أبي شیبة (١٠/٤٨٥).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام