سەردێری پرسیار: کەسێک کارت دەکڕێت بە قەرز، دواتر دەفرۆشێتەوە بە نەقد بە هەرزانتر، چونکە پێویستی بە پارەیە، ئایا ئەمە دروستە؟

بەرواری دانان :2023-08-28 کۆدی پرسیار:3074

پرسیار:

پرسیار: کەسێک کارت دەکڕێت بە قەرز، دواتر دەفرۆشێتەوە بە نەقد بە هەرزانتر، چونکە پێویستی بە پارەیە، ئایا ئەمە دروستە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: کڕین کارت بە قەرز و فرۆشتنەوەی بە نەقد داخلی (تورق) دەبێت، زانایان سەبارەت بە پێناسەی (تورق) دەڵێن: ئەوەیە کەسێک پێویستی بە پارەیە شتێک دەکڕێت بە قەرز ، پاشان دەفرۆشێتە کەسێکی تر (واتە: نافرۆشێتەوە ھەمان کەس کە لێی کڕیوە) بە نقد و ھەرزانتر ، تورق لە ورق ھاتووە واتە زیو، لەبەر ئەوە پێی دەڵێن تورق چونکە ئەوەی کەل و پەلی کڕیوە لەبەر درھەم کڕیویەتی

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تورق، سێ وتە ھەیە:

یەکەم: ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مەکروھە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەڵگە:

١ـ پشت لە قەرز کردنی تێدایە، کە ئیسلام قەرزی داناوە و ھانی پارە بە قەرز دانەوەی داوە بۆ کەسێک پێویستی پێیەتی.

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون حەڕامە، کە ئەمە وتەی عمر بن عبد العزیز و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە و ابن قیمە، بەڵگە:

١ـ مەبەستیان گوڕینەوەی درھەمە بە درھەم ، کەل و پەلیان ھێناوەتەوە ناو کڕین و فرۆشتنەکە وەک فێل و بۆ حەڵاڵ بوون.

سێیەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە، کە ئەمە وتەی حەنابلە و محمد ابراھیم ال الشیخ و ابن بازە، وە ابن عثیمینش ڕێگەی داوە بەڵام بە مەرج، بەڵگە:

١ـ کڕیار شتێک دەكرێت یان مەبەستی خودی شتەکەی ھەیە یان مەبەستی پارەکەیەتی ، ھەردووکیان دوو مەبەستی دروستن .

وتەی ڕاست تورق دروستە، بەڵام بە مەرج، چونکە:

١ـ دەقەکان لە شەریعەتدا بەڵگەن ئەصل وایە کڕین و فرۆشتن حەڵاڵە مەگەر بەڵگە ھاتبێت لەسەر حەڕام بوون، ھیچ بەڵگە نەھاتوون لەسەر حەڕامی تورق.

٢ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (یأیھا الذين ءامنوا إذا تداينتم بدين إلى أجل مسمى فاكتبوه) [البقرة: ٢٨٢]، تورق جۆرێکە لە جۆرەکانی قەرز کردن و داخلی ئەم ئایەتە دەبێت.

٣ـ بوونی پێویستی پێی، ڕێگری کردن بارگرانی و تەسک کردنە لەسەر خەڵک، ھەموو کەسێک خەڵکی دەست ناکەوێت پارە بە قەرز لێی وەربگرێت، ھیچ ڕێگا نامێنێت مەگەر بەمە نەبێت.

ئەگەر موسلمان پێی بکرێت ئەم جۆرە کڕین و فرۆشتنە نەکات باشترە، لە جیاوازی نێوان زانایان ڕزگار دەبێت، ئەگەرنا دروستە بەڵام بە مەرج:

١ٚـ دەبێت پێویستی بە درھەم ھەبێت، ئەگەر پێویستی پێی نەبێت دروست نییە، وەک ئەو کەسەی ئەم ڕێگایە دەگرێتە بەر بۆ قەرز کردن.

٢ـ ناتوانێت مال بە دەست بھێنێت بە ڕێگای تری ڕێگەپێدراو، وەک قەرز کردن، ئەگەر پێی کرا پارە بەدەست بھێنێت بە ڕێگای تر، ئەوە دروست نییە، چونکە پێویستی پێی نییە.

٣ـ عەقدەکە وەک عەقدی ڕیبا نەبێت، وەک ئەوەی بڵێت: فرۆشتم بەتۆ ١٠ بە ١١ یان شتی تری وەک ئەمە، ئەگەر ئەمەی تێدا بوو یان مەکروھە یان حەڕامە ، لە ئیمام ئەحمەد نقل کراوە سەبارەت بەمە دەڵێت: وەک درھەم بە درھەمە، دروست نییە، ڕێگای ڕاست خاوەنی کەل و پەل نرخی کەل و پەلەکە دەزانێت و مقداری قازانجەکەش پاشان بە کڕیار دەڵێت: فرۆشتم بە تۆ بەوەند و بەوەندە ھەتا فلانە ساڵ.

٤ـ ئەوەی بە قەرز کڕیوویەتی نابێت بفرۆشێت تا وەریدەگرێت، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) نەھی کردووە بازرگان کەل و پەل بفرۆشێت پێش ئەوەی بگاتە دەستی و بباتە شوێنی خۆی.

ئەگەر ئەم چوار مەرجانەی تێدا بوو ئەوە تورق دروستە و تەنگانە لەسەر خەڵک لادەچێت، نابێت بەھیچ شێوەیەک ئەوەی قەرزی کردووە بفرۆشتە فرۆشیار بە کەمتر لەو نرخەی کڕیوویەتی، چونکە ئەمە بابەتی عینەیە حەڕامە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام