پرسیار: کەسێک دێتە مزگەوت ڕیزەکان پڕن، دروستە نوێژخوێنێک لە ڕیزی پێش خۆی بێنێتە تەنیشت خۆی بۆ ئەوەی لە جیاوازی نێوان زانایان ڕزگار بێت کە دەڵێن نوێژی ئەو کەسەی بە تەنیا لە ڕیز دەوەستێت دروست نییە؟
وەڵام : سەبارەت بە ڕاکێشانی کەسێک لە ڕیزی پێش خۆی فەموودەیەک هاتووە بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان صحیحە یان لاوازە.
عن السري بن إسماعيل، عن الشعبي، عن وابصة قال: رأى رسول الله (ﷺ) رجلا يصلي خلف الصفوف وحده، فقال: (أيها المصلي وحده، ألا تكون وصلت صفا فدخلت معهم، أو اجتررت رجلا إليك إن ضاق بك المكان، أعد صلاتك، فإنه لا صلاة لك) أخرجە الطبراني في الكبير (٢٢/ ١٤٥-١٤٦).
واتە: لە وابصە دەگێڕنەوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) پیاوێکی بینی نوێژی دەکرد بەدوای ڕیز بە تەنیا، فەرمووی: (ئەی ئەو نوێژکەرەی بەتەنیا نوێژت کرد لە ڕیز، نەدەکرا خۆت بگەینیتە ڕێزی پێشەوە و لەگەڵیان بیت، یان پیاوێک دەربھێنیت ئەگەر شوێنەکە تەسک بوو، نوێژەکەت دووبارە بکەوە، چونکە نوێژت بۆ نییە).
سەبارەت بەم فەرموودەیە زانایان دەڵێن:
١ـ فەرموودەکە لە سەنەد زۆر لاوازە، چونکە (السري بن إسماعیل)ی تێدایە، ابن حجر لە (التقریب)دا دەفەرمووێت: (متروك)، وە ئەم زیادەیە: (أو اجتررت رجلا إلیك) تەنھا ئەو زیادی کردووە، ئەم زیادەیە منکرە، ھەروەھا ابن عدی و ئیمام ئەحمەد و یحیی بن سعید و زانایانی تری فەرموودە قسەیان لەسەر ھەیە.
٢ـ ڕاکێشانی خەڵک لە ڕیزی پێشەوە بۆشایی دروست دەکات، ئەوەی داواکراوە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە نەک دروست کردنی بۆشایی.
٣ـ ڕاکێشانی خەڵک لە ڕیزی پێشەوە تشویش بۆ کەسەکە دروست دەکات، وە فەزلی ڕێزی پێشەوە لەدەست دەدات.
٤ـ ھەروەھا کاریگەری لەسەر زۆربەی نوێژخوێنەکان دەبێت، چونکە ڕیزەکە جوولە دەکات تا بۆشاییەکە پڕ ببێتەوە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان ئایا کەسێک لە ڕیزی پێشەوە ڕادەکێشی یان نە؟ شافعی و كۆمەڵێكی تر دەڵێن: کەسێک لە ڕیزی پێشەوە ڕادەکێشی، بەڵگە ئەم فەرموودەیە صحیحە لای ئەوان، بەڵام ئیمام ئەحمەد بۆ ئەوە چووە باش نییە، دەفەرمووێت: ڕایناکێشی بەڵکو بە وتە ئاگاداری دەکەیتەوە، سەبارەت بە ڕاکێشان مەکروھە، وتەی ڕاست نە ڕایدەکێشی و نە ئاگاداری دەکەیتەوە بە وتە و کردەوە، چونکە ڕاکێشانی زیانی تێدایە، لەوانە:
ـ لە شوێنێکی باشتر دەھێنێتە دواوە.
ـ تشویش لەسەر کەسەکە دروست دەکات.
ـ بۆشایی لە ڕیزی پێشەوە دروست دەکات.
ـ جوولە دەکەوێتە ڕیزی پێشەوە بەھۆی ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە.
مادەم لە شەرع ھیچ بەڵگە نەھاتوون لەسەر واجب بوون، ئەوە ئەصڵ وایە تصرفی کەسی تر قەدەغە کراوە مەگەر بە ئیزنی بێت). فتح ذي الجلال والإكرام (٤/ ٥٢٩-٥٣٠).
وتەی ڕاست ئەگەر ڕیزەکان پڕ بوون و جێگا نەمابێت، دروستە نوێژخوێن لە ڕیزێک بوەستیت بە تەنیا، ئەگەر لە ڕیزی پێشەوە جێگا هەبێت نەچێتە ڕیز، ئەوە نوێژی بەتالە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، واللە ٲعلم.