پرسیار: کەسێک دەگات بە ئیمام لە دوو ڕەکاعەتی کۆتایی، ئایا ئەو نوێژەی لەگەڵ ئیمام دەکات بۆی بە دوۆ ڕەکاعەتی یەکەم حساب دەکرێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان لەوەی کەسێک دەگات بە نوێژ لەگەڵ ئیمام، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەوەی مأوم بەنوێژ دەگات بۆی بە سەرەتای نوێژ حساب دەکرێت، ئەوەی قەزاش دەکاتەوە بۆی بە کۆتایی نوێژ حساب دەکرێت، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی مالک و ئەحمەد، بەڵگە:
١- پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (وما فاتکم فأتموا)، کە زۆربەی ڕیوایەتەکان بەم شێوەیە هاتوون، تەواوکردن کۆتاکەیەتی، هەروەه ئەم ڕیوایەتە نەفی: (وما فاتکم فاقضوا ناکات)، چونکە قەزا مەبەست پێی تەواو کردنە، هەردوو ڕیوایەتەکان موافقی یەکترن، کە ابن منذر و ابن حجر ئەمەی تەرجیح کردووە. (الأوسط) لابن المنذر (٤/٢٤٠)، (فتح الباري) لابن حجر (٢/١١٩).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەوەی نوێژخوێن پێی دەگات بۆی بە کۆتایی نوێژ حساب دەکرێت وەک ئیمام، ئەوەی قەزا دەکاتەوە سەرەتای نوێژە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و مالک، بەڵگە:
١- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (وما فاتکم فاقضوا)، قەزا بۆ شتێکە لەدەستی چووە، سەرەتای نوێژی لەدەست چووە، کەواتە ئەوەی قەزا دەکاتەوە دەبێت سەرەتایی نوێژ بێت.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، سوودی ئەم جیاوازییە:
- ئەگەر گەیشت بە دوو ڕەکاعەتی نوێژی مغرب و عیشا ئەوە ئەو ڕەکاعەتەی ماوە بە نهێنی قورئان دەخوێنێ کە کۆتایی نوێژەکەیەتی.
- ئەگەر گەیشت بە یەک ڕەکاعەت نوێژی جهری، ئەوە ڕەکاعەتی دووەم بە دەنگ دەخوێنێت بەجۆرێک تەنیشت خۆی ئەزیەت نەدات، پاشانی ئەوەی تر بە نهێنی دەخوێنێت.
- ئەگەر گەیشت بە یەک ڕەکاعەت ئەوە ڕەکاعەتی دووەم فاتیحە و سورەتێکی تر دەخوێنێت، پاشان ئەوەی ماوە تەنها سورەتی فاتیحە دەخوێنێت.
- ئەگەر گەیشتە ڕەکاعەتێک لە نوێژی سێ ڕەکاعەتی یان چوار ڕەکاعەتی، ئەوە بۆ دەبێت دابنیشێت لە ڕەکاعەتی دووەم بۆ تەحیات دووەم. (القواعد لابن رجب) (٣/٢٧٠).