پرسیار // کەسێک بەڕۆژوو دەبێت و وە نوێژ ناکات یان هەندێک لە نوێژەکان ناکات ؟
وەلام // زانایان دەلێن یەکەم ڕوکنی ئیسلام و گرینگترین ڕوکنی ئیسلام دوای شایەتوومان هێنان نوێژە ، هەموو زانایان یەک دەنگن هەر کەسێک نوێژ نەکات باوەڕی بە نوێژ نەبێت کە واجبە یان نوێژ نەکردن لای باشتر بێت لە نوێژ کردن ئەمە کافرە ، بەلام ئەگەر یەکێک باوەڕی بە نوێژ هەبێت و دەزانێت کە تاوانبارە بەلام لە تەمبەلی ناکات ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان :
یەکەم / زۆربەی زانایان دەلێن موسلمانە ، بەلام دەلێن کەسێکی زۆر زۆرخراپە لەبەر واز هێنان لە نوێژ .
دووەم / هەندێک زانا دەلێن هەر کەسێک لە تەمبەلی واز لە هەموو نوێژەکان بهێنێت ئەوە کافرە .
سێیەم / هەندێک زانا دەلێن هەر کەسێک لە تەمبەلی واز لە یەک نوێژ بهێنێت بە ئەنقەست ئەوە کافرە بووە .
کەواتە ئەوانەی دەلێن نوێژ نەکەر کافرە گومانی تێدا نییە دەلێن نوێژ نەکەر ڕۆژووی بەتالە ، چونکە کافر هیچ کردەوەی قبول نابێت .
وە ئەوانەی دەلێن موسلمانە هەندێکیان دەلێن ڕۆژووی دروستە ئەگەر نوێژ نەکات ، وە هەندێکی تر دەلێن ڕۆژوو و کردەوەی بە تالە ئەگەر واز لە نوێژی عصر بهێنێت ، بەلگە :
عن بُرَيْدَة قال : قال رسول الله صلى الله عليه وسلم : (( مَنْ تَرَكَ صَلاةَ الْعَصْرِ فَقَدْ حَبِطَ عَمَلُهُ )) رواە البخاری (٥۲۰) ، واتە : هەر کەسێک نوێژی عصر تەرک بکات کردەوەی پووچ دەبێت .
سەبارەت بەم فەرموودەیە سێ وتە هەیە :
یەکەم / هەندێک زانا دەلێن هەر کەسێک یەک نوێژی عصر تەرک بکات هەمووی کردوەی پووچ دەبێت .
دووەم / هەندێک زانای تر دەلێن هەر کەسێک یەک نوێژی عصر تەرک بکات تەنها کردوەی ئەو ڕۆژەی پووچ دەبێت .
سێیەم / هەندێکی تر دەلێن مەبەست پێی تەرک کردنی نوێژە بە حەلالی بزانێت ئەمەیان هەموو کردەوەی پووچ دەبێت .
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی دیار بێت لە فەرموودەکە تەرک کردنی نوێژ دوو جۆرە : تەرک کردنی هەموو نوێژەکان ، ئەمەیان هەموو کردەوەی پووچ دەبێت ، تەرک کردنی نوێژی دیاری کراو لە ڕۆژی دیاری کراو ، ئەمەیان کردەوەی ئەو ڕۆژە پووچ دەکات ، کەواتە پووچ بوونی گشتی بەرامبەر تەرک کردنی گشتییە ، وە پووچ بوونی دیار کراو بەرامبەر تەرک کردنی دیار کراوە )) کتاب الصلاة لاپەڕە ٦٥
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تەرک کردنی نوێژی عصر گەورترە لە تەرک کردنی نوێژەکانی تر ، چونکە نوێژێکی تایبەتە فەرمان کراوە پارێزگاری لێ بکرێت ، هەروەها نوێژێکە واجب کراوە لەسەر ئەوانەی پێش ئێمەش کەچی کەمتەر خەمیان تێدا کرد وازیان لێ هێنا . )) مجموعة الفتاوی ج۲۲ لاپەڕە ٥٤
پوختەی وەلامی زانایان :
(۱) هەر کەسێک نوێژ نەکات باوەری پێ نەبێت یان تەرک کردن بە حەلال دابنێت یان تەرک کردنی پێ باشتر بێت موسلمان نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان وە ڕۆژووی بەتالە .
(۲) هەر کەسێک واز لە هەموو نوێژەکان بهێنێت کردەوەی بەتالە ، چونکە هەموو ڕۆژ نوێژی عصری تەرک کردووە .
(۳) هەر کەسێک واز لە یەک نوێژی عصر بهێنێت کردەوەی ئەو ڕۆژەی بەتالە کە وازی لە نوێژی عصر هێناوە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ