پرسیار: حوکمی زەکات دان بە بنکەکانی قورئانی پیرۆز؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە زەکات دان بە بنکەکانی قورئانی پیرۆز، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانا بۆ ئەوە چوون زەکات پێی ناشێت، بەڵگە:
١ـ بنکەکانی قورئان ناچنە ژێر وتەی: (فی سبیل اللە)، مەبەست پێی جیهاد کردنه لە مەیدانی جەنگ، بۆیە دروست نییە زەکات بدرێت بە جگە لەو هەشت کەسانەی ئایەتەکە دیاریکردووە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون زەکاتی زەکات پێیان دەشێت، بەڵگە:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (وفی سبیل اللە)، هەموو جیهادێک دەگرێتەوە، جیهادی مەیدانی جەنگ و جیهادی زانست و فێرکردن، خەڵک فێری قورئان و تەفسیر و بیرباوەڕی پاک کردن دەچێتە ژێر جیهاد، بەتایبەتی بۆ ئەم سەردەمە کە گەورەترین جیهاد جیهادی زانسته.
٢ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (وجاهدهم به جهادا کبیر) [الفرقان:٥٢]، (بە) بۆ قورئان دەگەڕێتەوە، کە ئەمە وتەی ابن عباسه، خەڵک فێری قورئان و تەفسیر کردن و بانگەوازی کردن بە قورئان لە جیهادە هەرە گەورەکانە.
هەروەها ئایەتەکه دەفەرمووێت: (وفي سبیل اللە)، نەیفەرموو: (للمجاهدین)، بەڵگەیە مەبەست پێی هەموو شتێکە پەیوەست بێت بە جیهادەوە.
وتەی ڕاست زەکاتی پێ دەشێت، ئەوەی باسمان کردن باسی بنکەی قورئانە لەناو موسڵمانان، سەبارەت بە بنکە لەناو کافرەکان ئەمەیان پێویستترە و لەپێشترە زەکاتی پێ بشێت، واللە ٲعلم.