پرسیار // ئایا شەوی نیوەی مانگی شەعبان چ تایبەتمەندییەکی هەیە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەو فەرموودانەی هاتوون سەبارەت بە شەوی نیوەی مانگی شەعبان هەموویان لاوازن ، هیچ تایبەتمەندییەکی نییە .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( شەوی نیوەی شەعبان هیچ فەرموودەی ڕاست نەهاتوون ، هەموو ئەو فەرموودانەی هاتوون درۆن یان لاوازن هیچ ئەسل و ئەساسێکی بۆیان نییە ، شەوێکە هیچ تایبەتمەندییەکی نییە نە بۆ قورئان خوێندنەوە و نە بۆ نوێژێکی تایبەت وە نە بۆ کۆمەل ، ئەوەی هەندێک لە زانایان دەلێن تایبەتمەندی هەیە وتەیەکی لاوازە و نابێت تایبەت بکەیت بە هیچ شتێک ، کە ئەمە وتەی ڕاستە . ))
ئەو شتانەی داهێنراون لە مانگی شەعبان :
یەکەم : کردنی نوێژی براءة لە شەوی نیوەی مانگی شەعبان ، کە سەد ڕەکاعەت نوێژە .
دووەم : کردنی شەش ڕەکاعەت نوێژ بە مەبەستی درێژ بوونی تەمەن و لاچوونی بەلا و ناخۆشی و دەولەمەند بوون لەوەی کە پێویستیت بە خەلک نەبێت .
سێیەم : خوێندنەوەی سورەت یاسین ، وە کردنی هەندێک دوعای تایبەت وەک : (( اللهم يا ذا المن ، ولا يمن عليه ، يا ذا الجلال والإكرام .))
چوارەم : باوەڕ بوون بەوەی کە شەوی نیوەی شەعبان وەک شەوی لیلة القدر وایە .
وە چەند فەرموودە هاتوون کە هیچ ئەسل و ئەساسێکی بۆی نییە یان لاوازن ، وەک :
عن علي رضي الله عنه مرفوعا قال : (( إذا كانت ليلة النصف من شعبان فقوموا ليلها وصوموا نهارها )) وقد رواه بن ماجه في السنن 1388 وهو حديث موضوع
واتە : ئەگەر شەوەی نیوەی شەعبان هات شەوەکەی هەستەوە بۆ شەونوێژ ، وە ڕۆژەکەی بەڕۆژوو بە .
حديث عائشة -رضي الله عنها-
وفيه: (( أن الله تعالى ينزل ليلة النصف من شعبان إلى سماء الدنيا، فيغفر لأكثر من عدد شعر غنم كلب )) اخرجه الإمام أحمد (26018) والترمذي (739) وابن ماجة (1389) .
واتە : خوای گەورە لە شەوی نیوەی شەعبان دێتە ئاسمانی دونیا ، لە بەندەکانی خۆش دەبێت زیاتر لە مووی مەڕی قەبیلەی بنی کلب .
کەواتە سەبارەت بە نوێژ لە شەوەکەیدا ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم / شەو نوێژ دەکەی وەک هەموو شەوەکانی تر کە لەسەری بەردەوام بوویت ، ئەمەیان دروستە .
حالەتی دووەم / شەو نوێژ تایبەت دەکەیت بەو شەوە ، ئەمەیان دروست نییە .
حالەتی سێیەم / هەندێک نوێژی تایبەت دەکەیت ، وەک کردنی سەد ڕەکاعەت یان شەش ڕەکاعەت بۆ لادانی شەڕ و درێژ بوونی تەمەن .
وە بە ڕۆژوو بوونیش ئەم دوو حالەتانەن :
حالەتی یەکەم : تەنها لە ڕۆژی نیووەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو دەبیت لەبەر تایبەتمەندییەکەی ، ئەمەیان دروست نییە .
حالەتی دووەم : لە ڕۆژی نیوەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو دەبیت چونکە پازدەی مانگە سونەتە بەڕۆژوو ببیت یان ڕۆژێک نا ڕۆژێک بە ڕۆژوو دەبیت ، ئەمەیان دروستە .
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تایبەت کردنی نیوەی مانگی شەعبان مکروهە ، هیچ بەلگە لەسەری نەهاتوون . )) مجموعە فتاوی ج۱۰ لاپەڕە ۳٨٥
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی ڕاست بێت ڕۆژووی نیوەی شەعبان یان تایبەت کردنی بە قورئان و زیکر هیچ ئەسل و ئەساسێکی بۆی نییە ، ڕۆژی نیوەی مانگی شەعبان وەک ڕۆژی نیوەی مانگەکانی ترە . )) مجموعە فتاوی ج۲۰ لاپەڕە ۲۳
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ