پرسیار: کەسێک مرد سوننەتە دوای مردن چ بکرێت؟
وەڵام: سەبارەت بە سوننەتی دوای مردنی کەسێک زانایان دەڵێن:
١ـ سوننەتە چاوی مردوو دابخرێت بە یەک دەنگی هەموو زانایان. (شرح النووي على مسلم) (٦/٢٢٣)، (سبل السلام) (٢/٩١).
٢ـ سوننەتە دەمی دابخەیت و شەویلگەکانی بگەینیت بە یەکتری بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، بۆ ئەوەی دەمی بە کراوەی بەجێ نەمێنێت و حەشەڕات نەچێتە ناوی یان لەبەر ناشیرینی دیمەنی. (المجموع) للنووي (٥/١٢٠).
٣ـ نەرم کردنەوەی جومگەکانی دەست و قاچ بە جولە پێکردن، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە. (المجموع) للنووي (٥/١٢٣)، (الشرح الممتع) لابن عثيمين (٥/٢٥٤).
٤ـ داپۆشینی مردوو کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، بەڵام ئەگەر مردوو لە ئیحرامدا مردبێت سەری داناپۆشرێت، لەبەر فەرموودەی ابن عباس، (لا تُخَمِّروا رَأْسَه). رواه البخاري (١٢٦٥)، ومسلم (١٢٠٦)، (شرح النووي على مسلم) (٧/١٠).
٥ـ سوننەتە مردوو لەسەر تەختەیەک دابنێیت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە. (المغني) لابن قدامة (٢/٣٣٧).
٦ـ سوننەتە جلەکانی مردوو دابکەنی دوای مردن، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە. (المغني) لابن قدامة (٢/٣٣٧).
٧ـ دانانی شتێکی قورس لەسەر ورگی مردوو، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، بۆ ئەوەی نە پەنمێت و دیمەنی ناشیرین نەبێت. (المجموع) للنووي (٥/١٢٣)، (مغني المحتاج) للخطيب الشربيني (١/٣٣١).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەم سەردەمە ئێستا ئێمە پێویستیمان بەوە نییە، لەبەر ئەوەی لەناو ثلاجە دادەنرێت ئەگەر پێویستی کرد و تاخیر بکرێت، ئەگەر لەناو ثلاجە دانرا نا پەنمێت، چونکە سارد دەبێت و پەنمانی لە ورگی ڕوونادات). (الشرح الممتع) (٥/٢٥٦).