سەردێری پرسیار: تا چەند ڕاستە کەسێک دوای (٤٠) ڕۆژ زیندووبێتەوە و گۆڕی بکرێتەوە و زیندوو بێت؟ یان گوێیان لە دەنگی بێت؟

بەرواری دانان :2023-10-04 کۆدی پرسیار:3123

پرسیار:

پرسیار: تا چەند ڕاستە کەسێک دوای (٤٠) ڕۆژ زیندووبێتەوە و گۆڕی بکرێتەوە و زیندوو بێت؟ یان گوێیان لە دەنگی بێت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بەم بابەتە کەسێک مردوو دوای چل ڕۆژ زیندووبووتەوە دەڵێین:

١ـ کەس ناچێته ژیانی بەرزەخ و بگەڕێتەوە، ئەمە مەحاڵە کەسێک دوای چل ڕۆژ لە بەرزەخەوە هاتبێتەوە بۆ ژیانی دونیا و مۆلەتی پێ نادرێتەوە بێتەوە سەر دونیا.

٢ـ بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هاتوون مرۆڤ و جن گوێیان لە مردوو نابێت، کاتێک مردوو سزا دەدرێت لەناو گۆڕدا زیندوو گوێی لێ نابێت تەنها ئاژەڵ گوێی لێ دەبێت.

٣ـ نابێت ئاسانکاری بکرێت هەر کەسێک خەونێکی بینی گۆڕ بکرێتەوە، مرۆڤ نابێت خەون پێش قورئان و سوننەت بخات.

٤ـ حوکمەت نابێ ڕێگە بدات خەڵک بەئارەزووی خۆیان گۆر بکەنەوە و مردوو دەربێنن، دەبێت پرس بە حوکمەت بکرێت، ئەو بڕیار لەسەری دەدات ئەگەر کردنەوەی گۆڕ پێویست بکات بۆ حاڵەتێکی تایبەت نەک ئەم حاڵەتە خوڕافی و بێ بنەمایانە.

٥ـ مرۆڤ دەبێت ژیر و عاقڵ بێت هەر کەسێک ڤیدیۆیەکی ساختەی دروستکرد نابێت یەکسەر بڵاوی کاتەوە و بڕوای پێ بکات.

٦ـ مرۆڤ گوێی لە دەنگی سزادانی مردوو نابێت، ئەمەش لەبەر چەند حیکمەتێکی گەورەيه، لەوانە:

یەکەم: لەبەر ئەوەی کە پێغەمبەر ئاماژەی بۆ کردووە نەوەک مردووەکانی خۆتان نەنێژن لە ترسان، فەرمووی: (لولا أن لا تدافنوا لدعوت الله أن يسمعكم من عذاب القبر).

دووەم: ئەمەیان شاردنەوە و داپۆشینی مردووی تێدایە.

سێیەم: نزیک و خزمەکانی ئیزعاج نابن، چونکە ئەگەر نزیکەکانی گوێیان لێ بێت سزا دەدرێت، ئەوە ناڕەحەت دەبن.

چوارەم: نزیکەکانی تووشی خەجاڵەت نابن، چونکە خەڵک دەڵێن: ئەمە مناڵی ئێوەیە! ئەمە باوکی ئێوەیە! ئەمە برای ئێوەیە! قسەی تری وەک ئەمانە دەکەن.

پێنجەم: ئێمە بە ھیلاک دەچووین، چونکە دەنگی سزادان ئاسان نییە، بەڵکو دڵ ناڕەحەت دەبێت، مرۆڤ ھەیە دەمرێت و ھەیە لەھۆش خۆی دەچێت.

شەشەم: ئەگەر خەڵک گوێیان لە دەنگی سزادان بوایا، ئەوا ئیمان ھێنان بە سزای گۆڕ لە بابی ئیمان ھێنان دەبوو لە شتێکی بەرچاو و ئاشکرا، نەک لە بابی غەیب، ئەوکات مصلەحەتی تاقیکردنەوە تیادەچوو، چونکە خەڵک ئیمان بە شتێک دەھێنێت كه ببینێت و له بەرچاوان بێت، بەڵام ئەگەر غەیب بێت، نەزانێت مەگەر بەڕێگای خەبەر، ئەوا ئەو کات لە بابی ئیمان ھێنانە بە غەیب. مجموع فتاوى الشيخ العثيمين (٨/٤٨٢-٤٨٣).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام