پرسیار: حوکمی عەفو کردنی کەسێک کە عەفو کردنی سوودی نییە و هەر بەردەوامە لەسەر هەڵە و سەرپێچی و خراپەی خۆی؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ موسڵمان برای موسڵمانە، دەبێ خێری بۆ براکەی پێ خۆش بێت هەروەک چۆن بۆ نەفسی خۆی پێ خۆشە، هەروەها ئەوەی بۆ نەفسی خۆی پێ ناخۆشە بۆ براکەشی پێ ناخۆش بێت.
٢ـ گومانی تێدانییە کەم کەس هەیە ستەمی نەکردبێت و مافی خەڵکی لەلانەبێت، گومانی تێدانییە پێی خۆشە خەڵک لێی خۆش بێت کە بۆ هەردوولا خێر گەورەترە، چونکە ڕۆژی قیامەت ستەمکار حەز ناکات چاکەکانی بڕوات بۆ کەسی تر کە زۆر پێویستی پێیەتی.
٣ـ بەشێوەیەکی گشتی شەرع لەگەڵ عەفو کردنە، چەندین بەڵگە هاتوون بۆ هاندان بۆ عەفو کردن، بەڵام مەرجی عەفو ئەوەیە دەبێ چاکسازی تێدابێت، لەبەر ئەوەی خوای گەورە دەفەرمووێت: (فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ)، ئەگەر کەسی تاوانبار و ستەمکار شایستەی عەفو نەبێت و بەناوبانگ بێت بە شەڕ و فەساد و بەردەوام بێت، لەم حاڵەتە عەفو نەکرێت باشترە، چونکە ئەگەر عەفو بکرێت بەردەوام دەبێت و لەوانەیە خراپتر بێت، چونکە پشت بە عەفو کردن دەبەستێت، سەبارەت بە وتەی: (وَأَنْ تَعْفُوا أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى) [البقرة: 237]، ئەمەیان مقیدە بەم ئایەتە: (فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ)، بەڵکو هەموو دەقەکانی تر مقیدن بەم ئایەتە کە دەبێ عەفو کردن اصلاحی تێدایە. (تفسير السعدي) لاپەڕە (٧٦٠)، (تفسير ابن عثيمين- سورة الشورى) لاپەڕە (٣٠٢).